سەردێڕ:

جۆ بایدن بەفەرمی کاندیدکردنەوەی خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی راگەیاند

PM:01:49:25/04/2023

2052 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەمریکا کاندید بوونی خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠٢٤ی وڵاتەکەی بە فەرمی راگەیاند، بەمەش دەبێتە بەتەمەنترین کاندیدێک لە مێژووی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا.


جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە تویتەر بڵاویکردەوە، "هەموو نەوەیەک ساتێکی هەیە تیایدا بەرگری لە دیموکراتی و ئازادییە بنەڕەتییەکان بکات، لەو باوەڕەدام ئەمە ساتەکەی ئێمەیە".

ئاماژەی بەوەشداوە، ئەمە هۆکاری خۆکاندید کردنەوەی بووە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا بۆ ساڵی ٢٠٢٤.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە رۆژی ١٥ی ٤ی ٢٠٢٣ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە کۆتایی گەشتەکەیدا بۆ ئیرلەندا، لە فڕۆکەخانە و پێش گەڕانەوەی بۆ ئەمەریکا لە لێدوانێکی کورتدا ئاشکرای کرد، بەم زووانە ئەو هەواڵی خۆ کاندیدکردنی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی لە ساڵی داهاتوو رادەگەیەنێت.

ئاماژەی بەوەشدا، "پێشتریش پێم وتوون کە بەنیازم خۆم کاندید بکەمەوە بۆ هەڵبژاردنەکان."

جۆ بایدنی تەمەن ٨٠ ساڵ چەند جارێک رایگەیاندووە، بەنیازە خۆی بۆ خولی دووەم کاندید بکات.

پێشتریش، پزیشکان دوای پشکنینی سەرۆکی ئەمەریکا لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا رایانگەیاند، جۆ بایدن لە رووی تەندروستی جەستەیی و دەروونییەوە توانای بەڕێوەبردنی کارەکانی هەیە.

هەروەها، لە پارتی کۆمارییەکان هەریەک لە دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و نیکی هێلی بە فەرمی کاندیدبوونی خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ساڵی داهاتوودا راگەیاند.

لە ساڵی داهاتوودا کێبڕکێی نێوان حزبەکان بەڕێوەدەچێت و لە کۆتایی هاوینی داهاتووشدا هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات بەجیا، ئەنجومەنی هەڵبژاردن ئەنجام دەدەن بۆ ئەوەی دواجار کاندیدی کۆتایی پارتەکەیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بناسێنن.

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی داهاتووی ئەمەریکا لە ٥ی ئایاری ساڵی ٢٠٢٤ بەڕێوەدەچێت.













گەلەری