کەمال محەمەدی هونەرمەند گۆرانییەکی نوێی بەناوی "ئیتر بەسە" بڵاوکردووەتەوە و تیایدا باس لە دۆخی چەند ساڵی رابردووی هەرێم دەکات و ئەو سەختییانەی هەرێمی کوردستانی پێدا رۆیشتووە لە گۆرانییەکەیدا رووندەکاتەوە.
گۆرانییەکەی کەمال محەمەد باس لە دۆخی هەرێم دەکات و دەڵێت، "ئیتر بەسە بێزار بووین لە جەنگەکانتان"، دەشڵێت، "هەر ئێوە بوون نیشتیمانتان بە ئەم رۆژە گەیاند."
لە گۆرانییەکەدا
دۆخی ئەم چەند ساڵەی کۆتایی هەرێم باس دەکات و باس بێزاری لە توندوتیژیەکانی حکومەت
بەرامبەر گەنجان دەکات لە خۆپیشاندانەکاندا بۆ داواکاری و مافی رەوای خۆیان؛
هەروەها کۆچی گەنجان لەپێناو رزگاربوون لە دۆخی سەختی ئابوری و نەبوونی هەلی کار و
ژیانێکی گونجاو و خۆدانە دەست شەپۆلی دەریاکان.
کەمال محەمەد لە
گۆرانییەکەیدا دەڵێت، "لاوان سەری خۆیان هەڵگرت، بە دڵی پڕ ئازارەوە بەدەم
مەوجی توڕەی دەریا، رۆیشتن و نەگەڕانەوە."
ماوەی ٣٠ ساڵە،
هەرێمی کوردستان لەژێر دەسەڵاتی حزبی بەعس رزگاری بووە و ئەوەی حکومڕانی ناوچەکە
دەکات کوردن، بەڵام ماوەی ٣٠ ساڵە چەندین شت هەیە لە ژیانی هاوڵاتی کوردستان
نەگۆڕاوە و هێشتا گرفتی کەمی ئاو و کارەبا و خزمەتگوزاری دیکەیان هەیە، سەرەڕای
ئەوە هاوشێوەی ساڵانی ٩٠دەکان، دەبێت بە بەرمیل نەوت وەربرگن، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی
ماوەی چەند ساڵێکە نەوتی سپی ماڵان دابەشناکرێت.
هاوڵاتیان
گلەییان لە دۆخی ئابوری و گوزەرانیان هەیە و بڕینی موچەی موچەخۆران و گرانبوونی شت
و مەک و پێداویستی و نەبوونی هەلی کار و دامەزراندن و گرفتی کەمی ئاو و کارەبا
تەنگی بە زۆر لە خێزانەکان هەڵچنیوە.
لەماوەی شەش
ساڵی رابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو هاوڵاتیان و گەنجانی هەرێم رێگای کۆچ و دەریاکانیان
گرتەبەر و بۆ رزگاربوون لە دۆخی خراپی ژیانیان بێ گوێدانە بە سەختی رێگاکان کۆچیان
کرد. کە تیایادا چەندین خێزان و منداڵ و گەنج لەناوچوون و بوونە قوربانی شەپۆلی
دەریاکان.
ئەوەش سەرەڕای
ئەوەی لەماوەی رابردوودا هەواڵی "خۆکوژی" بەهۆی خراپی دۆخی ئابوری و
قەرزارییەوە چەند جارێک دراوە بە گوێی تاکی هەرێمدا.
سەرەڕای ئەوەی
ئەگەر هاوڵاتیانیش بۆ گلەیی لە دۆخی ژیانیان بهاتنایەتە سەرشەقام و گردبوونەوەیان
ئەنجامبدایە، لەبری گوێگرتن لێیان هێزە ئەمنییەکانیان بۆ دەناردن و گرژی روویدەدا،
لە نموونەی ئەوانەش خۆپیشاندانەکانی کۆتایی ساڵی رابردوو کە چەندین کوژرا و
برینداری لێکەوتەوە.
بڕیارە لە مانگی
تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و تیایدا چەندین
حزبی کوردستانیش بەشدارن، کە وەک بەشێکی هاوڵاتیانی هەرێم باسی دەکەن، دەیانەوێت
لەم هەڵبژاردنەدا چیتر رێگا بەو دۆخە نەدەن بەردەوام بێت و بڕیاری گونجاو بدەن.
هـ.ئـ