سەردێڕ:

پێشبینیدەکرێت نرخی یەک بیتکۆین بگاتە ١٠٠ هەزار دۆلار

PM:08:08:24/04/2023

2284 جار خوێندراوەتەوە

سەرەڕای ئەوەی لە ماوەی دوو رۆژی رابردوو بە شێوەیەکی بەرچاو نرخی بتکۆین دابەزی، پێشبینی ئەوە دەکرێت نرخی بتکۆینێک لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ دا بگاتە ١٠٠ هەزار دۆلار.


جێف کیندریک بەڕێوەبەری کارگێری توێژینەوەی کەرەستە ژمارەییەکان لە بانکی ستاندارد چارتێد رایگەیاند، دەکرێت بیتکۆین سوود لەو تێکچوونانە وەربگرێت کە لەم دواییانەدا لە کەرتی بانکی روویدا.

دەشڵێت، لە ئەگەری کۆتاییهاتنی سوڕی بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکەکانی ئەمریکا قازانجی دراوە ژمارییەکانیش زیادەکات.

ماوەی دوو رۆژە لە کاتی مامەڵەکاندا بەهای بیتکۆین بۆ نزمترین بەهای چوار هەفتەی رابردووی دابەزی.

لە سەرەتاکانی مانگی ئایار بانکی ناوەندی ئەوروپا و بانکی فیدڕاڵی ئەمریکا کۆدەبنەوە پێشبینی دەکرێت رێژەی سوودی بانکەکانی ئەمریکا بە ٢٥ خاڵ بەرزبکەنەوە و ئەگەری هەیە بانکی ناوەندی ئەوروپاش رێژەی سوودی بانکەکانی بە ٥٠ خاڵ بەرزبکاتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا دوای ١٠ مانگ بۆ جاری یەکەم بەهای بتکۆین بەرزبوونەوەی تۆمارکرد بەجۆرێک هەر بتکۆینێک بە زیاتر لە ٣٠ هەزار دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

لە ساڵی ٢٠٢٢ بەهۆی بەرزکردنەوەی سودی بانکەکانەوە دراوە ئەلیکترۆنییەکان چەندین ترلیۆن دۆلار زیانیان بەرکەوت.

بتکۆین بریتیە لە ژمارە و نرخ و هێندی بەشە هەژمارێکی ئینتەرنێت کە دەتوانرێت لەگەڵ بەشە هەژمارێکی تری هاوشێوەی مامەڵە و ئاڵوگۆڕی نرخ و کڕین و فرۆشتن بکات.

بەکارهێنانی دراوە ئەلیکترۆنییەکان و لە نێویشیاندا بتکۆین لەلایەن کۆمپانیا گەورەکانی جیهانەوە رووی لە زیادبوون کردووە، ئەمەش وای کردووە خەڵکێکی زۆر روو لەبەکارهێنانی بکەن.













گەلەری