سەردێڕ:

وەزارەتی بازرگانی وادەی کارپێکردنی فۆڕمی ئەلیکترۆنی بەشەخۆراکی هاوڵاتییانی ئاشکرا کرد

PM:05:55:24/04/2023

16460 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، دەستکراوە بە راهێنان و مەشقکردن بە بریکارەکانی بەشەخۆراکی هاوڵاتییان لەسەر چۆنییەتی دابەشکردنی بەشەخۆراک بەگوێرەی فۆڕمی ئەلیکترۆنی. دەشڵێت، "لەماوەی شەش مانگدا دەستدەکرێت بە کارکردن بە فۆڕمی ئەلیکترۆنی".


ئەسیر غەریری وەزیری بازرگانی عێراق بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاند، وەزارەت دەستیکردووە بە راهێنانکردن بە بریکارەکانی بەشەخۆراکی هاوڵاتییان لەسەر چۆنییەتی بەکارهێنانی فۆڕمی ئەلیکترۆنی.

ئاماژەی بەوەشدا، پرۆسەکە زۆر سادەیە و پێویستی بە پێکهێنانی ژوری کارکردن نییە و هەموو پێداویستییە لۆجستییەکانیش ئامادەن.

ئەسیر غەریری وتیشی، ماوەی خستنەکار و کارپێکردنی فۆڕمی ئەلیکترۆنی لە شەش مانگ زیاتری پێناچێت و هەوڵدەدرێت لەو ماوەیە کەمتریش کارکردن بە فۆڕمی ئەلیکترۆنی بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەوەشی ئاشکرا کرد، لەکاتی گۆڕینی فۆڕمی ئاسایی بە فۆڕمی ئەلیکترۆنی پێویست ناکات هاوڵاتییان هیچ بڕە پارەیەک بدەن.

دەشڵێت، فۆڕمی ئەلیکترۆنی بەشەخۆراکی هاوڵاتییان چەندین تایبەتمەندێتی هەیە گرنگترینیان ئەوەیە لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەت پێویست بەوە ناکات لەکاتی راییکردنی مامەڵەکانیان هاوڵاتییان جارێکی دیکە بگەڕێنەوە بۆ فۆڕمە کاغەزییەکانیان. هەروەها، کوژاندنەوەی ناو یان زیادکردنی هەرناوێکی دیکە بە شێوەیەکی ئاسان جێبەجێدەکرێت. جگە لەوەی فۆڕمی ئەلیکترۆنی هەمیشەیی دەبێت و پێویستی بە نوێکردنەوە نییە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە رۆژی ١٣ی ٤ی ٢٠٢٣ ماجید سەید ساڵح جێگری پارێزگاری دھۆک، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا لە شاری دھۆک رایگەیاند، لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان، دھۆک یەکەم پارێزگایە دەست دەکات بە دروستکردنی فۆڕمی ئەلیکترۆنی خۆراک.

لە رێکەوتی ٩ی ٤ی ٢٠٢٣، وەزارەتی بازرگانی عێراق دەستپێکردنی پرۆسەی دەرھێنانی فۆڕمی خۆراکی ئەلیکترۆنی راگەیاند کە جێگەی فۆڕمی خۆراکی مانگانەی ھاوڵاتییان دەگرێتەوە کە بەشێوەی کاغەز بوو و لە ئاستی پارێزگاکانی عێراق وەک قۆناغی ئەزموونی، پرۆسەی دەرکردنی فۆڕمی خۆراکی ئەلیکترۆنی وەکو یەکەم پارێزگا لە نەجەف ئەنجامدرا.

لە رۆژی ١٠ی ٤ی ٢٠٢٣ یاسین مەحمود بەرێوەبەری پسوڵەی خۆراکی سلێمانی بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دەستکراوە بە جێبەجێکردنی بڕیاری بە ئەلیکترۆنیکردنی فۆڕمی دابەشکردنی بەشەخۆراک.

فۆڕمی خۆراکی مانگانەی ھاوڵاتییان لە عێراق لە ساڵی ١٩٩٧ کاری پێکراوە کە لە رێگەیەوە ھاوڵاتییان بەشە خۆراکی مانگانە وەردەگرن.













گەلەری