ئاڵوگۆڕپێکردنی چەک لە نێوان روسیا و ئێراندا و پێدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن ئێرانەوە بە روسیا ئەمریکای نیگەران کردووە.
پەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیک لە ئەمریکا نوێترین راپۆرتی خۆی بڵاوکردەوە و تیایدا کاردانەوەی ئەمریکا لەبەرامبەر هەنگاوە نوێیەکانی نێوان روسیا و ئێران سەبارەت بە پرسی سەربازی خستووەتەڕوو.
ئاماژەی بەوەشداوە، پێدەچێت
هەنگاوە نوێیەکانی ئێران و روسیا لەمەیدانی جەنگ زیاتر بچێتە دەرەوە و گرژییەکانی
ناوچەکە زیاتر بکات و ئەمەش هانی وڵاتە عەرەبییەکان دەدات هەتا جبەخانەکانیان پڕ چەک
بکەن و ئەم هەنگاوەش بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان دەخاتە مەترسییەوە.
لەراپۆرتەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو،
ئاڵوگۆڕ پێکردنی چەک لەنێوان روسیا و ئێراندا خۆی دەبینێتەوە لە وەرگرتنی سەدان فڕۆکەی
بێفڕۆکەوانی ئێران لەلایەن روسیا و لەبەرامبەردا ئێران ئامادەکاری دەکات بۆ وەرگرتن
و بەدەستهێنانی فرۆکەی جەنگ روسی لە جۆری سو-٣٥.
هەربەگوێرەی راپۆرتەکە، مۆسکۆ چەکی رۆژئاوایی و
چەکی ئەمریکی دیکەی داوە بە تاران و لەداهاتووشدا دەتوانێت ئامێری سەربازی پێشکەوتوو
و چەکی دیکەی وەک کۆپتەر و سیستمی بەرگری ئاسمانی بەدەست بهێنێت.
پەیمانگا ئەمریکییەکە لە
راپۆرتەکەیدا باسی لەوەشکردووە، جگە لە هاوکاری لە مەشقی سەربازی و پەرەپێدانی چەک،
هەنگاوێکی دیکەی گرنگ بۆ قووڵکردنەوەی پەیوەندی ئەمنی نێوان مۆسکۆ و تاران و دەبێتە
هۆی دروستکردنی گۆڕانکاری لەوەی لەرابردوودا لەنێوانیاندا گوزەری کردووە.
هەروەها، مۆسکۆ لەم ساڵانەی
دواییدا پەرەی بە فرۆشتنی چەک بە تاران داوە و پەیوەندییە دیبلۆماسی و سەربازییەکانی
نێوانیان لەناوچەکەدا گەشەی کردووە، بەڵام دیارترین رێککەوتن لە دەیەی رابردوودا بەدەستهێنانی
سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێس ٣٠٠ی روسی بوو لەلایەن ئێرانەوە لە ساڵی ٢٠١٦دا.
راپۆرتەکە باسی لەوەشکردووە،
دابینکردنی چەک لەلایەن روسیاوە بۆ ئێران رەنگە لەداهاتوویەکی نزیکدا نەبێتە هۆی گۆرانکارییەکی
گەورە لە توانا سەربازییەکانی ئێراندا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەوەش بەهۆی ئەو زیانە
زۆرانەی لەجەنگی ئۆکرانیادا بەر مۆسکۆ کەوتووە کەوادەکات بیر لەراگرتنی هەناردەی چەک
بۆ ئێران بکاتەوە.
هەر بەگوێرەی راپۆرتەکەی
پەیمانگای واشنتۆن، ئێران خاوەنی پیشەسازی چەکی پێشکەوتووە و سەرکەتووبووە و توانیویەتی
لەزۆر بواردا هەنگاو بۆ پێشەوە بنێت لەوانەش فڕۆکەی جەنگی، مووشەک و پارچەی فڕۆکە.