سەردێڕ:

عێراق ٦٠٠ هەزار تەن خورمای هەناردەی بازاڕەکان کردووە

PM:06:52:23/04/2023

2136 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، عێراق توانیویەتی ٦٠٠ هەزار تەن خورما هەناردەی بازارەکانی ئاسیا بکات و بڕێکی زۆر تەماتە و بەرهەمی دیکەی کشتوکاڵی بەرهەمهێناوە.


محەمەد خوزاعی وتەبێژی فەرمی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، گەیشتن بەئاستی خۆبژێوی لەماوەی تەنها ساڵێکدا ئاسان نییە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بازاڕ لەبەردەم پرۆسەی هەناردەکردن و هاوردەکردندا بەگوێرەی ئاستی پێداویستییەکان کراوەیە کە پێناچێت بەردەوامبێت.

محەمەد خوزاعی باسی لەوەشکرد، "هەندێکجار لەهەمان وەرز یان مانگدا خواست لەسەر بەرهەمێکی دیاریکراو زیاد دەکات. ئێمە رۆژانە بە بەردەوامی چاودێری نرخەکان دەکەین و بەرنامەی ساڵنامەی کشتوکاڵیش لەبنەڕەتدا بەمەبەستی پارێزگاری لە بەکاربەران داڕێژراوە".

ئەوەشی خستەڕوو، توانیوویانە لە بەرهەمەکانی تەماتە و خۆراکی ئاژەڵدا زیادە بەرهەمبهێنن و لەساڵی رابردووشدا زیاتر لە ٦٠٠ هەزار تەن خورما هەناردەی بازاڕەکانی ئاسیا بکەن.

وتیشی، سەوزەی عێراق و کاڵەک و شوتی لەبازاڕەکانی کەنداودا خواستێکی زۆریان لەسەرە و توانیویانە عەلەفی ئاژەڵ و شوتی و کاڵەک هەناردەی دەرەوە بکەن.

وتەبێژی فەرمی وەزارەتی کشتوکاڵ باسی لەوەشکرد، گەنم یەکێکە لە بەرهەمە ستراتیژییە گرنگەکان بۆ هەموو وڵاتێک، بەو پێیەی شەڕی روسیا و ئۆکرانیا بووەتە هۆی پەسەندکردنی پلانێکی کشتوکاڵی لەسەر بنەمای فراوانکردنی چاندنی زەوییە بیابانییەکان، ئەمەش بەندە بە یەدەگی ئاوی عێراقەوە.

دەشڵێت، ئەو ناوچانەی لە سەرتاسەری عێراقدا بەکەڵکی کشتوکاڵ کردن دێن بە ٢٧ ملیۆن دۆنم زەوی مەزەندە دەکرێن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، جیاوازی هەیە لەنێوان ئەو زەوییانەی بەکەڵکی کشتوکاڵ دێن لەگەڵ ئەو زەوییانەی لەناوچە بیابانەکاندان یان ئەوانەی بەکەڵکی چاندن دێن و نزیکن لە رووبارەکانەوە.













گەلەری