سەردێڕ:

عێراق لە بارەی بە مۆدێرن کردنی سیستمی تەندروستییەوە زانیاری نوێی بڵاوکردەوە

PM:05:43:23/04/2023

1836 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند لەگەڵ رێکخراوی تەندروستی جیهان رێککەوتوون لەسەر بەمۆدێرن کردنی سیستمی تەندروستی لەسەرتاسەری عێراقدا هەتا ساڵی ٢٠٣٠.


ساڵح حەسناوی وەزیری تەندروستی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، وەزارەتی تەندروستی لەگەڵ رێکخراوی تەندروستی جیهانی رێککەوتوون لەسەر بەمۆدێرنکردنی سیستمی تەندروستی لەسەرتاسەری عێراقدا هەتا ساڵی ٢٠٣٠ و ئەوەش لەڕێگەی بەرنامەیەکی ستراتیجی گرنگی تەندروستییەوە جێبەجێ دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، خودی وەزارەتی تەندروستی خاوەنی سیستمی تەندروستی خۆیەتی و راوێژکاری بە رێکخراوی تەندروستی جیهان دەکات. ئەوەشی خستەڕوو، چەندین هەنگاو بەمەبەستی باشترکردنی سیستمی تەندروستی لە سەرتاسەری وڵاتدا هەیە و بەم نزیکانە دەست پێدەکات.

حەسناوی وتیشی، ئەم بابەتە خراوەتە بەردەم محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کە باشتر کردنی سیستمی تەندروستی لەعێراقدا لە بەرنامە یەکەمینەکانی کارەکانیەتی لە کابینەی حکومەتەکەیدا.

لایخۆیەوە نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی لەعێراق لەماوەی رابردوودا رایگەیاند، رێکخراوی تەندروستی جیهان لەگەڵ عێراقدا رێککەوتننامەیەکیان واژۆکردووە کەلەماوەی نۆ ساڵدا کەرتی تەندروستی پێشبخەن و بە مۆدێرنی بکەن.

وتیشی، هەریەکە لە رێکخراوەکە و وەزارەتی تەندروستی لەهەوڵدان سەرجەم داتاو زانیارییەکانی کەرتی تەندروستی بە دیجیتاڵی بکەن

باسی لەوەشکرد، عێراق بەرەو ئاسایشی تەندورستی هەنگاو دەنێت و پێشکەوتنێکی بەرچاوی لەم بوارەدا بەخۆیەوە بینیووە.













گەلەری