وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند، بەرامبەر دەرکردنی بەکۆمەڵی دبلۆماتکارانی وڵاتەکەی لەلایەن حکومەتی ئەڵمانیاوە لەو وڵاتە، مۆسکۆ زیاتر لە ٢٠ دبلۆماتکاری ئەڵمانیا دەردەکات.
ماریا زاخارۆڤا وتوبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تەلەفیزیۆنی زەفیزدای وڵاتەکەی ئاشکرای کرد، زیاتر لە ٢٠ دبلۆماتکاری ئەڵمانیا دەرکەن و ڕەوانەی وڵاتەکەیان دەکەنەوە.
پێشتریش وەزارەتی دەرەوەی روسیا ئاماژەی بەوەدابوو، حکومەتی ئەڵمانیا
بڕیاریدا بە دەرکردنی ژمارەیەک دبلۆماتکاری وڵاتەکەی بەشێوەی کۆمەڵ و لەبەرامبەردا
روسیاش هەمان هەنگاو دەگرێتەبەر.
لە رۆژی ١٣ی ٤ی ٢٠٢٣ حکومەتی نەرویج راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا
ئاماژەی بەوەکرد، ١٥ کارمەندی باڵیۆزخانەی روسیایان لە وڵاتەکەیانەوە بەتۆمەتی ئەنجامدانی
کاری سیخوڕی رەوانەی روسیا کردووەتەوە.
لەبەرامبەردا، ئاژانسی هەواڵی تاسی روسی لەسەر زاری وەزارەتی دەرەوە بڵاویکردەوە،
روسیا وەڵامی ئەو کارەی نەرویج دەداتەوە.
لە رۆژی ٢٣ی ٣ی ٢٠٢٢ حکومەتی پۆڵەندا بڕیاریدا ٤٥ دیبلۆماتکاری روسی بەهۆکاری
گومانبوون لێیان بەوەی کاری سیخوڕی یان پەیوەندیدار بە سیخوڕییەوە بۆ وڵاتەکەیان ئەنجامبدەن
دەربکات.
ئیستانیسلاڤ زەرین، وتەبێژی وەزارەتی هەواڵگری پۆڵەندا رایگەیاندبوو،
گومانیان لەدیبلۆماتە روسییەکانی ناو وڵاتەکەیان هەیە کاری سیخوڕی یان پەیوەندیدار
بەکاری سیخوڕییەوە ئەنجام بدەن.
پێشتر، لە مانگی شوباتی ٢٠٢٢ ئەمەریکا رایگەیاند، ١٢ دیبلۆماتکاری روسی لە
نەتەوە یەکگرتووەکان دەرکردووە، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ نیگەرانییەکانی واشنتن سەبارەت
بە ئاسایشی نیشتیمانی وڵاتەکەیی و وتیشی ئەو دیبلۆماتکارانە " سیخوڕی هەواڵگری
بوون."
دوابەدوای ئەوەش، لە رۆژی ٢٤ی ٣ی ٢٠٢٣ ئاژانسی هەواڵی ئینتەرفاکس راگەیەنراوێکی
وەزارەتی دەرەوەی روسیای بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتبووە، روسیا بە ئەمەریکای وتووە هەر
کارێکی دوژمنکاریی دژی روسیا، وەڵامدانەوەیەکی یەکلاکەرەوەی بەدوادادێت.
بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، وەزارەتی دەرەوەی روسیا لیستێکی دایە دیبلۆماتکارێکی
باڵای ئەمەریکا لە مۆسکۆ، لیستەکەش ناوی ئەو دیبلۆماتکارانەی تێدابوو کە دەبێت روسیا
جێبهێڵن.