سەردێڕ:

وەزارەتی دەرەوەی عێراق: هەماهەنگی کراوە بۆ گەڕاندنەوەی هاوڵاتییانمان لە سودان

PM:04:26:22/04/2023

1632 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، هەماهەنگییان لەگەڵ ژمارەیەک وڵات هەیە بۆ گەڕاندنەوەی هاوڵاتییانی عێراقی لە سودان.


ئەحەمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، هەماهەنگییان لەگەڵ ژمارەیەک لە وڵاتانی دۆست هەیە بۆ بە سەلامەتی گەڕاندنەوەی هاوڵاتییانی عێراقی لە سودان.

دوێنێش وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، بە زووترین كات وەڵامی رەوەندی عێراقی لە سودان دەدەنەوە کە داوایان کردبووە بگەڕێندرێنەوە وڵات.

هەروەها، وەزارەتی دەرەوەی سعودیە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، دەستییان کردووە بە گواستنەوەی هاوڵاتییان و دیپلۆماتکارانی وڵاتانی دۆست لە سودان کە بووەتە گۆڕەپانی شەڕ و پێکدادانی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا کە هێزی نیمچە سەربازیین.

لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە شکراوە، دەستکراوە بە گواستنەوەی ئەو هاوڵاتییە سعوودییانەی لە سودان نیشتەجێن لەگەڵ کارمەندانی نوێنەرایەتیيە دیپلۆماسییەکانی هەندێ وڵاتی دۆست بۆ سعودیە.

دەشڵێت، فەرمانی گواستنەوەکە لەلایەن سەلمان بن عەبدولعەزیز شای سعودیە و محەمەد بن سەلمان شزادەی جێنشین دەرکراوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە ١٥ نیسانەوە شەڕ و پێكدادان لە نێوان سوپای سودان و هێزەكانی پشتیوانی خێرا لە خەرتوومی پایتەخت و چەند ناوچەیەکی دیکە سەریهەڵداوە و بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی بەهۆیەوە تائێستا نزیکەی ٤١٣ کەس کوژراون و پێنج هەزار کەسیش برینداربوون کە زۆرینەیان سیڤیلن.













گەلەری