سەردێڕ:

نەتەوەیەکگرتوەکان داوایەکی بەپەلە ئاڕاستەی تاڵیبان دەکات

PM:02:52:10/09/2021

8752 جار خوێندراوەتەوە

سکرتێرى گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان داوایەک ئاڕاستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ بزوتنەوەی تاڵیباندا بۆ رێگریکردن لە داڕمانی ئابوری لەو وڵاتە، دەشڵێت، "پێویستە تاڵیبان رێز لە مافی ئافرەتان بگرێت."


لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسى هەواڵى فرانس پرێس، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز سکرتێرى گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەدا، لەپێناو لەدەستنەدانی ئەو دەستکەوتانەی لە ماوەی ٢٠ ساڵی رابردوودا لە ئەفغانستان بەدەستهاتوون، پێویستە لە گفتوگۆی بەردەوامدابن لەگەڵ تاڵیباندا.

باسی لەوەشکردووە، هەنگاوی گفتوگۆ لەگەڵ تاڵیباندا بە گرنگ دەزانن بۆ ئەوەی ئەفغانستان نەبێتە بنکە و پەناگەی گروپە تیرۆرستەکان لەگەڵ ئەو مافانەی چەند ساڵێکە دەجەنگن بۆ بەدەستهێنانی، دەشڵێت، هیچ گرەنتییەک نییە بۆ بارودۆخی ئەو وڵاتە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، تا ئێستا لەلایەن تاڵیبانەوە ئەگەری گفتوگۆکردن رەتنەکراوەتەوە، بەڵام ئەوەی رێکخراوەکەیان دەیەوێت، حکومەتێکی کۆکەرەوەی هەموو ئەفغانییەکانە، چونکە ئەو حکومەتەی ئێستا راگەیاندراوە ئەو وێنەیە نیشان نادات.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز دەشڵێت، پێویستە تاڵیبان رێز لەمافی ئافرەتان بگرێت و لە روبەڕوی ماددە هۆشبەرەکان ببێتەوە، باسی لە نیازی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە کە دەتوانێت پاڵپشتى دارایی بداتە ئەفغانستان ئەوەش لە پێناو پاراستنى ئابوری ئەو وڵاتە بەدەر لەو سزایانەی بەسەر تاڵیباندا سەپێنراون.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ٧ی مانگ بزوتنەوەی تاڵیبان حکومەتی کاتی لە ئەفغانستان راگەیاند، کە لە ٣٣ پۆستی حکومی پێکدێن و زۆرینەیان بەرپرسانی ئێستا و پێشووی ئەو بزوتنەوەیەن.

هاوکات، چارلز فرایز جێگری سکرتێری گشتی فەرمانگەی ھاوبەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەى یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، دەبێت لە چوارچێوەی ئەو مەرجانەی کە یەکێتی ئەوروپا دیاریدەکات پەیوەندی لەگەڵ تاڵيبان دروستبکرێت و بۆ بەکارھێنانی لە کاتی پێویستدا، دەبێت ھێزێکی سەربازیی پێکبھێنێت.













گەلەری