سەردێڕ:

یەکەم گرفت بۆ خوێندنی ئەمساڵ دروستبوو

PM:02:15:10/09/2021

369332 جار خوێندراوەتەوە

کێشەی مامۆستایانی وانەبێژ وەک ساڵانی تەمەنی حکومەتی هەرێم بەرەو زیادبوونە و وەک کێشەکانی دیکەی هەرێم بەبێ چارەسەرکردن ماوەتەوە و بۆ ئەمساڵیش پێش ئەوەی ساڵی نوێی خوێندن دەستپێبکاتەوە مامۆستایانی وانەبێژ باس لەوەدەکەن ئەگەر داواکارییەکانیان جێبەجێنەکرێت بایکۆت دەکەن و وەزارەتی پەروەردەش دەڵێت، پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە.


کارۆخ عەبدوڵا نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان بە ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، حکومەتی هەرێم هیچ بیانویەکی دارایی نەماوە بۆ ئاوڕدانەوە لە مامۆستایانی وانەبێژ، ئەگەر بەرپرسان هاوکارنەبن، بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن دەکەن و خۆپیشاندان دەکەن لە سەرەتایی ساڵی نوێی خوێندنەوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، پێویستە ئاوڕی جدی لە مامۆستایانی وانەبێژ بدرێتەوە و لەکاتی فەرامۆشکردنیاندا هاوکاری پڕکردنەوەی بەشە وانەکان ناکەن، کە ئەوان ٢٠٪ی مامۆستایان پێکدەهێنن.

باسی لەوەشکردووە، لە ١٤ی مانگەوە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن دەکەن و لەبەردەم پەروەردەکاندا ماندەگرن و خۆپیشاندان دەکەن.

ئاماژەی بەوەشداوە، قسە و گفتوگۆی زۆریان لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە و بەرپرساندا کردووە، بەڵام تەنیا بەڵێنیان پێدراوە و هیچ بەڵێنێکیش جێبەجێنەکراوە.

لەسەر داواکاری ئەو مامۆستایانە کە سەر بە میلاکاتی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستانن، ئێن ئاڕ تی پەیوەندی بە وتەبێژی وەزارەتەکەوە کرد و وتی، پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بەوەبکات، بابەتەکە پەیوەندیدارە بە کام لایەنی فەرمییەوە.

لە هەرێمى کوردستان نزیکەى ٢٠ هەزار مامۆستای وانەبیژ هەیە کە ئەمانە دانەمەزراون و پێشتر حکومەتى هەرێم شایستەیەکى دیاریکراوى بۆ بڕیبوونەوە بەبڕى ٣٠٠ هەزار بۆ مامۆستایانى هەڵگرى بروانامەى بەکالۆریۆس و ٢٥٠ هەزار دینار بۆ هەڵگرانى بڕوانامەى دبلۆم.

بەڵام لە مانگی ٢ی ئەمساڵەوە بەپێى بەشە وانەکان شایستەى داراییان بۆ خەرج دەکرێت و ئەوەش نارەزایەتییەکى زۆرى لەلاى مامۆستایانى وانەبێژ دروستکردووە و بەشێک لە مامۆستایانى وانەبێژ وەکو نارەزایەتییەک خۆپیشاندانیان لەبەردەم پەروەردە جیاوازەکان و ئەنجومەنى وەزیران ئەنجامدا، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕیارێک نەدراوە بۆ دامەزراندنیان.

باخان تۆفیق، رانیە

 













گەلەری