سەردێڕ:

وەزارەتی بازرگانی عێراق: شایستەی دارایی جوتیاران بەبێ دواکەوتن دابەش دەکرێت

PM:05:35:20/04/2023

1556 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، بڕی ٥٠٠ ملیار دینار بۆ شایستەی دارایی جوتیاران ئامادەکراوە و لە دوای سێ رۆژ لە وەرگرتنی گەنم شایستەی دارایی جوتیاران دەستپێدەکات و بە هیچ شێوەیەک دواناکەوێت و سەرەتا گەنم لە جوتیارانی باشور و ناوەڕاستی عێراق وەردەگیرێت پاشان لە جوتیارانی هەرێم.


وەزارەتی بازرگانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت ئاستی بەرهەمهێنانی گەنمی ناوخۆیی بگاتە چوار ملیۆن تۆن و بڕی ٥٠٠ ملیار دینار وەک شایستەی دارایی جوتیاران دابینکراوە و بەبێ دواکەوتن دابەش دەکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، وەرزی بە بازاڕکردنی گەنم سەرەتا لە شارەکانی باشور دەستپێدەکات پاشان پارێزگاکانی ناوەڕاست پاشان پارێزگا و شارەکانی هەرێم.

باسی لەوەشکرد، پرۆسەی دابەشکردنی شایستە دارایی جوتیاران لە دوای سێ رۆژ لە وەرگرتنی گەمن دەستپێدەکات و حکومەتی عێراقی پێویستی بە سێ ترلیۆن و ٥٠٠ ملیار دینار دەبێت بۆ دابینکردنی شایستەی دارایی جوتیاران بۆ تەواوی ساڵی ٢٠٢٣.

پێشتریش نەوزاد کامیل بەڕێوەبەری گشتی بارزگانی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بۆ ئەمساڵ بەرامبەر هەر تۆنێک گەنم جوتیاران ٨٥٠ هەزار دینار وەردەگرن و لە دوای رادەستکردنی گەنم، جوتیاران لە ماوەیەکی کەمدا بەبێ دواکەوتن شایستە داراییەکانیان وەردەگرن.














گەلەری