سەردێڕ:

ئەمریکا گومانی لە جموجوڵەکانی چین و روسیا هەیە

PM:11:17:19/04/2023

3900 جار خوێندراوەتەوە

لەکاتێکدا، هەریەک لە سەرۆکی چین و وەزیرەکان و دەزگاى هەواڵگرى و گەورە بەرپرسانى ئەو وڵاتە سەردانی روسیایان کردووە و دەڵێن، بۆ نێوەندگیرى روسیا و ئۆکرانیایە، بەڵام ئەوروپا و ئەمریکا دەڵێن، هەردوو وڵات کاسەکانیان ژێرکاسەى دیکەى لەژێردایە و گومانیان لە جموجەڵەکانیان هەیە.


لە نوێترین پێشهاتەکانى ئەم بابەتەدا، لی شانگفو، وەزیری بەرگری چین بە سەردانێکی فەرمی چووە و مۆسکۆ لەگەڵ دەسەڵاتداران و بەرپرسە باڵاکانی روسیا کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەی وەزیری بەرگری چین لەگەڵ سەرۆک و وەزیری بەرگری روسیا رایگەیاند، پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو وڵات چووەتە قۆناغێکى ترەوە.

لەلای خۆشیەوە، فلادیمێر پۆتن، سەرۆکی روسیا ئاماژەی بەوەدا، لەڕێگەی سەربازییەوە چالاکیەکانیان لەگەڵ چیندا فراوانتر دەکەن و بە بەردەوامی زانیاری بەسوود ئاڵوگۆڕ دەکەن و هاوکاری یەکتردەبن، بەردەوامیش دەبن لە ئەنجامدانی مانۆڕە سەربازیە هاوبەشەکانیان.

کۆبوونەوەکانی بەرپرسانی چین لەگەڵ روسیا کاردانەوەی لێکەوتووەوە بە جۆرێک، ئاژانسی هەواڵە جیهانیەکان و بەرپرسانی گرووپی حەوت و ئیدارەی ئەمریکای هێناوەتە سەرخەت و قسەی تایبەتیان هەیە.

چاودێرانى سیاسی دەڵێن، چین لەلایەک سەرقاڵی خۆئامادەکردنە بۆ هێرشکردنە سەر تایوان و لەلایەکی دیکەش دەیەوێت ببێتە ناوبژیوان و پاڵەوانی جیهان لە راگرتنی جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا.

لێک نزیکبوونەوەکانی پەکین و مۆسکۆ لە دوای ئەوەوە دێت کە ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا لە مانگی شوباتی ساڵی رابردوودا هێرشی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکرد و بەوهۆیەشەوە، بەردەوام چین هەوڵی داوە خۆی وەک لایەنێکی بێلایەن لە ململانێکەدا نیشان بدات، بەڵام واشنتۆن پێداگرە لە تۆمەتبارکردنی پەکین وەک لایەنێک کە پشتیوانى روسیا دەکات.













گەلەری