سەردێڕ:

باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق: پاڵپشتی لە رێککەوتنەکەی نێوان هەرێم و بەغدا دەکەین

PM:06:03:19/04/2023

1776 جار خوێندراوەتەوە

باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، وڵاتەکەی پاڵپشتی رێککەوتنەکەی نێوان ھەولێر و بەغدا دەکات لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم.


ئالینا رۆمانۆسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە نوێترین تویتیدا ئاشکرایکرد، "لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، قسەم کردووە و پێم راگەیاندووە کە پاڵپشتی لە ھەوڵەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و ھەرێم دەکەین لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی ھەرێمەوە".

لە رۆژی ٢٥ی ٣ی ٢٠٢٣ دوای بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس، ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان راگیرا کە تا ئێستا دەستی پێ نەکردووەتەوە.

هەروەها، لە رۆژی ٤ی ٤ی ٢٠٢٣ بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی سەرۆکی ماوەبەسەرچووی حکومەتی ھەرێم رێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا لەبارەی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان واژۆکرا.

لە چەند رۆژی رابردوو، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە چەند هەفتەی داهاتوودا دەست بەهەناردەکردنی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهان دەکەنەوە و بۆ ئەو مەبەستەش پەیامێک ئاڕاستەی تورکیا دەکەن و لەوبارەیەوە ئاگاداری دەکەنەوە.













گەلەری