سەردێڕ:

نەتەوەیەکگرتووەکان: بە جیاوازی سێ ملیۆن کەس هیندستان پێش چین دەکەوێت

PM:04:28:19/04/2023

2968 جار خوێندراوەتەوە

سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان "UNFPA" پێشبینیکرد تا ناوەڕاستی ئەمساڵ ژمارەی دانیشتوانی هیندستان بە جیاوازی سێ ملیۆن کەس پێش چین بکەوێت. دەشڵێت، "خەریکە هیندستان ببێتە جەنجاڵترین وڵاتی جیهان".


سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان "UNFPA" لە ژێر ناونیشانی ''هەشت ملیار ژیان، ئەگەرە بێ کۆتاکان: بابەتی ماف و هەڵبژاردن'' راپۆرتی رەوشی ژمارەی دانیشتوانی جیهانی لە ٢٠٢٣دا بڵاوکردەوە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، پێشبینیدەکرێت هیندستان لە ناوەڕاستی ئەمساڵدا بە جیاوازی نزیکەی سێ ملیۆن کەس پێش چین بکەوێت و ژمارەی دانیشتوانەکەی بگاتە یەک ملیار و ٤٢٨ ملیۆن کەس.

راپۆرتەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، بە گوێرەی پێشبینییەکان تا ساڵی ٢٠٥٠ هەشت وڵاتی جیهان لەوانە؛ کۆماری کۆنگۆی دیموکرات، میسر، ئەسیوبیا، هیندستان، نێجیریا، پاکستان، فلیپین و تانزانیا تێکڕای نیوەی گەشەی ژمارەی دانیشتوانی جیهان پێکبهێنن.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ساڵی ١٩٥٠ەوە تا ئێستا کە نەتەوە یەکگرتووەکان دەستی کردووە بە کۆکردنەوە و بڵاوکردنەوەی داتاکانی پەیوەست بە ژمارەی دانیشتوان، ئەوە یەکەمجارە ژمارەی دانیشتوانی هیندستان پێش چین دەکەوێت.

دەشڵێت، ژمارەی دانیشتوانی چین لە ساڵی ٢٠٢٢دا، ٨٠٠ هەزار کەسی کەمی کرد کە ئەوەیش یەکەمجارە لە ساڵی ١٩٦١ەوە تا ئێستا پاشەکشە بکات.

هاوکات، بەپێی داتاکانی نوسینگەی ئاماری نیشتمانیی چین، ژمارەی دانیشتوانی چین لە ٢٠٢١دا، یەک ملیار و ٤١٢ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار بووە لە ساڵی ٢٠٢٢دا، یەک ملیار و ٤١١ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار بووە.

لە راپۆرتی ''چاوەڕوانییەکان لەبارەی ژمارەی دانیشتوانی جیهان لە ٢٠٢٢دا'' کە لە فەرمانگەی ئابوریی و کاروباری کۆمەڵایەتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە، پێشبینیدەکرێت ژمارەی دانیشتوانی چین لە سەرەتای ٢٠٢٣ەوە بچێتە قۆناغی کەمبوونەوەی رەها و ژمارەی دانیشتوانی هیندستانیش بەردەوام بێت لە هەڵکشان و وەک جەنجاڵترین وڵاتی جیهان پێش چین بکەوێت.

هەروەها، لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، پێشبینیدەکرێت ژمارەی دانیشتوانی چین لە ساڵی ٢٠٥٠دا، بگاتە یەک ملیار و ٣١٧ ملیۆن و تا کۆتایی سەدە داکشێت بۆ ٧٦٦ ملیۆن کەس.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە رۆژی سێشەمە رێکەوتی ١٥ی ١١ی ٢٠٢٢ بەپێی ئاماری فەرمی نەتەوە یەکگرتووەکان، ژمارەی دانیشتووانی جیهان گەیشتە هەشت ملیار کەس.













گەلەری