سەردێڕ:

ناوەرۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی سودانی و بلینکن بڵاوکرایەوە

PM:07:08:18/04/2023

2596 جار خوێندراوەتەوە

نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، سەرۆکوەزیران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختیکردووەتەوە لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی عێراق بەرامبەر ئاڵنگارییە ئەمنی و ئابوری و هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان.


نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، سەرۆکوەزیران پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ئەنتۆنی بلنیکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوە پێگەیشت.

ئاماژەی بەوەشداوە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا و رێگاکانی پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان تاوتوێ کرد.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا لەبارەی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ چاکسازی ئابوری و جۆراوجۆرکردنی سەرچاوەکانی گەشەسەندنیان تاوتوێ کردووە.

هەربەگوێرەی راگەیەنراوەکە، دۆسیەی ئەرکەکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە گەڕان و هەڵکوتانە سەر پاشماوەکانی گروپی چەکداری داعش و رۆڵی ئەمریکا لە هاوکاریکردنی هێزە ئەمنییەکان و سوپای عێراق لە مەشق پێکردن و راوێژپێکردن گفتوگۆی لەبارەوە کراوە.

راگەیەنراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختیکردووەتەوە لەسەر بەردەوامبوونی هەڵوێستی حکومەتەکەی لە رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنییەکان و ئابورییەکان لەسەر هەردوو ئاستی نێودەوڵەتی و دەرەکی.

ئەمە لەکاتێکدایە، بەهۆی جەنگی روسیا و ئۆکرانیاوە، ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا دەستبەرداری وزەی روسیابوون و لە ئێستادا بەدوای جێگرەوەی ئەو سەرچاوەیەی وزەدا دەگەڕێن و یەکێک لە بژاردەکانیش عێراقە کە خاوەنی یەدەگی نەوت و غازی سروشتییە.













گەلەری