سەردێڕ:

بلومبێرگ: تایوان ٤٠٠ موشەکی هارپوونی لە ئەمەریکا دەکڕێت

PM:06:18:18/04/2023

2396 جار خوێندراوەتەوە

چەند چاوگێکی ئاگادار رایانگەیاند، تایوان ٤٠٠ موشەکی هارپوونی دژە کەشتی ئەمەریکی دەکڕێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی زیادبوونی هەڕەشەکانی چین.


ماڵپەڕی بلومبێرگ نیوزی ئەمریکی لە زاری چەند چاوگێکی ئاگادار بڵاویکردەوە، تایوان ٤٠٠ موشەکی هارپوونی دژە کەشتی ئەمەریکی دەکڕێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی زیادبوونی هەڕەشەکانی چین.

لەلایەنخۆیەوە، سون لی فانگ وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تایوان ئاماژی بەوەدا، وەزارەتەکەی پێشتر زانیارییەکانی سەبارەت بە کڕینی ئەو مووشەکانە بڵاوکردووەتەوە.

وتیشی، متمانەی بەوە هەیە کە گرێبەستەکە بەپێی ئەوەی پلانی بۆ داندراوە بەڕێوەدەچێت.

پێشتریش، کێڤن مەککارسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە کالیفۆرنیا میوانداری تسای ئینگ وێن سەرۆکی تایوانی کرد و جەختی لە پێویستییەکان کردەوە بۆ خێراکردنی گەیاندنی چەکەکان بە تایوان لە نێوەندی زیادبوونی هەڕەشەکانی چیندا بۆ سەر دوورگەکە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە رێکەوتی ٧ی ٤ی ٢٠٢٣ وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ئاشکرای کرد، گرێبەستێکی ١.٧ ملیار دۆلاری بۆ فرۆشتنی ٤٠٠ موشەکی دەژە کەشتی واژۆکراوە. بەڵام ناوی کڕیارەکەی ئاشکرا نەکرد.

وتیشی، پێشینیدەکرێت لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠٢٩ بەرهەمهێنانی ٤٠٠ موشەکەکە تەواودەبێت.

هاوکات، وەزارەتی بەرگری ئەمریکاش رەتی کردەوە راستەوخۆ لێدوان لەسەر گرێبەستەکە بدات.

وتیشی، ئەمەریکا خزمەتگوزاری و پێویستییەکانی بەرگری دەخاتە بەردەستی تایوان تاوەکو تواناکانی بۆ بەرگریکردن لە خۆی بپارێزێت.

لە ساڵی ٢٠٢٠ دا تایوان رایگەیاند، پلانی هەیە موشەکی هارپوونی دروستکراوی بۆینگ بکڕێت، وەکو بەشێک لە هەوڵەکانی بۆ نوێکردنەوەی سوپاکەی.













گەلەری