سەردێڕ:

دەوڵەتی یاسا: کێبڕکێ هەیە لە نێوان وڵاتانی زلهێزدا بۆ وەبەرهێنان لە عێراق

PM:12:32:17/04/2023

1800 جار خوێندراوەتەوە

جێگری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، دووپاتی کردەوە کە عێراق بەهۆی ئەزموونەکانی پێشووی لەگەڵ چین لە پرۆژە جیاجیاکاندا، کۆمپانیا چینییەکانی بەلاوە باشترە بە بەراورد بە هاوتا ئەمریکییەکانیان، هەروەها کێبڕکێی بەهێز هەیە لە نێوان وڵاتاندا بۆ وەبەرهێنان لە عێراقدا.


جاسم ئەلموسەوی جێگری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کە لەلایەن نورى مالکییەوە سەرۆکایەتى دەکریت، لە لێدوانێکیدا بۆ میدیا عێراقیەکان باسی لەوەکردووە، عێراق رێککەوتنی ئابووری لەگەڵ چین هەیە و دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ باڵیۆزی چین نزیکبوونەوە و لێکتێگەشتنیکی باشیان هەیە لەسەر کۆمەڵێک پڕۆژەی ئابوری و بازرگانی.

وتیشی، لە رێکەوتنی عێراق و چین هاریکاری نێوان هەردوو وڵات هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ ئەمریکادا نەبووە، بەڵکو بە پێچەوانەوە کێبڕکێی ئابوری لە نێوان هەموو وڵاتانی زلهێز هەیە بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوت لە پرۆژە و هەلی وەبەرهێنان لە عێراقدا.

وە ئاماژەی بەوەدا کە "حکومەتی سودانی زیاتر مەیلیان لە ڕێکەوتنبووە لەگەڵ چیندا بەهۆی ئەوەی ئەزموونێکی باشیان هەیە لە وەبەرهێناندا و، لە رابردووشدا ئەزمونی چین لە عێراق ئەرێنی بووە."

ئەمەش لە دوای ئەوەدێت، لە ساڵی ٢٠١٩ـەوە عێراق رێککەوتنێکى گەورەى لەبوارە جیاوازەکاندا لەگەل چیندا واژۆ کرد، بۆ وەبەرهێنان و ئاوەدانکردنەوەى زیاترى عێراق لە زۆربەى کەرتەکاندا، بەلام تا ئێستا جێبەجێنەکراوە.













گەلەری