وەزیری بازرگانی عێراق رایگەیاند، لەمەودوا هاوڵاتیان دەتوانن لە بری ئارد ١٢٠سەموون یان ٩٠ نان وەربگرن. دەشڵێت، هاوڵاتیان دەتوانن ئەو نان و سەموونە رۆژانە وەربگرن.
ئەسیر غەریری وەزیری بازرگانی عێراق لەراگەیەندراوێکدا لەبارەی بەشەئاردی مانگانە دەڵێت، هاوڵاتییان سەرپشکن لەوەی مانگانە نان و سەمون وەردەگرن یان ئارد.
باسی لەوەشکردووە، بڕیاری
دابینکردنی نان و سەموون بۆ هاوڵاتیان لەلایەن
کۆمەڵێک پسپۆڕی سەربەوەزارەتی بازرگانی عێراقەوە تاووتوێ کراوە و بڕیارەکە لە
بەرژەوەندی ئەو خێزانانەدا دراوە کە لە ماڵەوە نان ناکەن و بەشە ئاردی مانگانەیان بەنرخێکی کەم دەفرۆشن بەبریکارەکان
یان بەوکەسانەی ئارد دەکڕن.
ئاماژەی بەوەشکرد،
هاوڵاتیان سەرپشکن لەوەی مانگانە ١٢٠ سەموون یان ٩٠ نان یان ئارد وەردەگرن و پێویستە هاوڵاتیان لە ریگەی کارتێکی
ئەلکترۆنییەوە سەمون و نانەکە وەربگرێت و هەر
خێزانێک دەتوانن لە بری ئاردەکەیان رۆژانە چوار سەموون یان سێ نان وەربگرێت.
ئەمەش لە دوای ئەوەدێت هەفتەی رابردوو، وەزارەتی بازرگانی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا
هاتووە، لە چەند ناوچەیەکی بەغدا وەک ئەزموونێک بەشێوەی ئارەزوومەندانە لە جیاتی
ئارد سەموون بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشدەکرێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە، حکومەتی
عێراق مانگانە بەشە خۆراک و ئارد بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش دەکات و لە مانگی رەمەزاندا
چوار ماددەی خۆراکی زیادکرد کە بریتیبوون لە ئارد و نیشاستە و شعریە و هێلکە.