فینلەندا بەدرێژایی سێ کیلۆمەتر دەستی کردووە بە دروستکردنی پەرژینێک لە هەردوو بەری خاڵی پەڕینەوەی ئیماترا لەسەر سنوور لەگەڵ روسیا لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە.
ئاژانسی هەواڵی ئانادۆڵۆ وێنەی دیمەنی دروستکردنی پەرژینەکەی فینلەندای لەسەر سنوری روسیا گرتووە و بڵاویکردووەتەوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی هەینی رێکەوتی ٤ی ٤ی ٢٠٢٣ بەفەرمی وڵاتی فینلەندا
لە یادی ٧٤ ساڵەی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی "ناتۆ" بوو بە ٣١ەمین ئەندامی
رێکخراوەکە.
نیگەرانییەکانی فینلەندا لە دوای سەرهەڵدانی جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیاوە
بووە هۆی ئەوەی ئەو وڵاتە داوای بە ئەندامبوون لە ناتۆ بکات و دەستبەرداری هەڵوێستی
بێلایەنی خۆی لە کێشەکان بێت.
لەلایەن خۆیەوە، سێرگی شویگۆ وەزیری بەرگری روسیا رایگەیاند، بوون بەئەندامی
فینلەندا لە ناتۆ و جوڵە سەربازییەکانی ناتۆ بە مەبەستی خۆ ئامادەکردنی زیاتر مەترسییەکانی
هەڵگیرسانی ناکۆکییەکان زیاتر دەکات.
وتیشی، بەشێک لە فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتی بیلاڕوسیا لە ئێستادا لە توانایاندایە
کڵاوەی ئەتۆمی هەڵگرن.
هەروەها، دیمیتری بیسکۆڤ وتەبێژی کۆشکی کرملین رایگەیاند،فراوانکردنی
سنورەکانی ناتۆ و بە ئەندامبوونی فینلەندا لەو رێکخراوەدا مەترسی لەسەر ئاسایشی
روسیا دروست دەکات.
وتیشی، ئەمەش هەنگاوێکی نوێیە بۆ ئاڵۆزترکردنی دۆخەکە و دروستکردنی مەترسی
لەسەر بەرژەوەندییەکانی روسیا.