هەردوو وڵاتی پۆڵەندا و هەنگاریا بڕیاریاندا لەپێناو پارێزگاری لەبەرهەمی ناوخۆ هاوردەکردنی گەنم و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی دیکە لە ئۆکرانیاوە قەدەغەبکەن.
لەداوی داخستنی رێگای هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا لەرێگای دەریای رەشەوە بەهۆی جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیاوە لەئێستادا هەناردەی گەنمی ئۆکرانیا لەرێگای ولاتانی یەکێتی ئەوروپاوە دەکرێت.
هاوکات، بەهۆی گرفتی لۆجستی و (بارکردن و داگرتن و گواستنەوە) پڕبوونی کۆگاکانی
پۆڵەندا نرخی دانەوێڵە لە بازاڕی ناوخۆییدا دابەزیووە و ئەمەش وایکرد جوتیاران خۆپیشاندان
بکەن و وەزیری کشتوکاڵی پۆڵەندا ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە بکەن.
لەلایەنخۆیەوە، یاروسلاڤ کاتشینسکی سەرکردەی پارتی فەرمانڕەوای پۆڵەندا
رایگەیاند، حکومەت بڕیاریداوە هاوردەکردنی دانەوێڵە و چەندین بەرهەمی دیکەی کشتوکاڵی
بۆ پۆڵەندا قەدەغەبکات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر هاوردەکردنی
بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و دانەوێڵە رێگری لێنەکرێت دەبێتەهۆی دروستبوونی قەیرانێکی
گەورەی کشتوکاڵی لە وڵاتەکەدا.
یاروسلاڤ کاتشینسکی جەختی لەوەشکردووەتەوە، یاسا و دادگەری لەسەر پۆڵەندای
بەپێویست داناوە سەرەڕای گرتنەبەری ئەم هەنگاوە هاوکاری ئۆکرانیا بکات، هەربۆیە ئەوان
وەک دۆست و هاوپەیمانی ئۆکرانیا دەمێننەوە.
هەروەها، لە راگەیەنراوێکی هاوشێوەدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی
فەیسبوک ستیڤان ناغی وەزیری کشتوکاڵی هەنگاریا رایگەیاند، وڵاتەکەی قەدەغەی هاوردەکردنی
بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی لە ئۆکرانیاوە کردووە.
پۆڵەنداو هەنگاریا باسیان لەوەکردووە سیاسەتی هاوردە نەکردنی گەنم هەتا
٣٠ی حوزەیران درێژە دەکێشێت، بە جۆرێک پۆڵەندا هاوردەکردنی دانەوێڵە، شەکر، گۆشت،
میوە، سەوزە، شیر، هێلکە و خۆراکی دیکەی قەدەغەکردووە.
ئەمە لەکاتێکدایە، مانگی رابردوو پۆڵەندا و چوار وڵاتی دیکەی ئەوروپای
ناوەڕاست داوای هاوکارییان لەیەکێتی ئەوروپا کرد بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئەو کێشەیەی
کە بەهۆی دابەزینی نرخی دانەوێڵەی ئۆکرانیا دروست بووە.