سەردێڕ:

سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن لە هەوڵێکی کوشتن رزگاری بوو

AM:10:11:15/04/2023

3804 جار خوێندراوەتەوە

بە گوێرەی راپۆرتێکی تەلەفزیۆنی "NHK"ی ژاپۆنی کەسێک بە تۆمەتی هەوڵی کوشتنی سەرکوەزیران، لەلایەن پۆلیسی وڵاتەکەوە دەستگیرکراوە.


تەلەفزیۆنی NHK ئاماژەی بەوەکردووە، کیشیدا سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن سەردانی بەندەری سایکازاکی لە پارێزگای واکایامای کردووە بۆئەوەی لە هەڵبژاردنی ناوخۆیی ناوچەکەدا کاندیدی پارتەکەی بێت، بەڵام بەر لەدەستپێکی قسەکانی سەرۆکوەزیران تەقینەوەیەک روویداوە.

پۆلیس ئاماژەی بەوەکردووە، لە تەقینەوەکەدا هیچ کەسێک بریندار نەبووە، دواتریش سەرۆکوەزیران گواستراوەتەوە بۆ بنکەی سەرەکی پۆلیسی پارێزگای واکایاما.

ئەمەش لەکاتێکدایە، تەنها نۆ مانگ بەسەر کوشتنی شینزۆ ئابی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری ژاپۆند تێدەپەڕێت، لەکاتێکدا لە شاری نارا وتاری پێشکەش دەکرد.

لەکەیسی کوشتنەکەی ئابیدا بکوژەکە لە رێگای چەکێکی دەستکردەوە تەقەی لە ئابی کرد و دوای ئەوەی دەستگیرکرا دانیبەوەدا نا کە ئابی کوشتووە، رووداوی کوشتنەکە لەژاپۆندا بوو بەهۆی دەستلەکارکێشانەوەی بەرپرسە باڵاکانی پۆلیسی ناوخۆیی و نیشتمانی و توندکردنەوەی رێنماییە ئەمنییەکان بۆ سەرکردە سیاسییەکان و کەسانی دیاری وڵاتەکە.














گەلەری