سەردێڕ:

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق: دەمانەوێت چەند گۆڕانکارییەک لە پرۆژەیاسای بودجەدا بکەین

PM:05:07:14/04/2023

2428 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، سبەینی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق دادەنیشن و باس لە چەند گۆڕانکارییەک دەکەن کە لیژنەکە دەیەوێت لە پرۆژەیاسای بودجەدا بیکات.


ئەمڕۆ هەینی، موعین کازمی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، دەیانەوێت لە رێگەی کەمکردنەوەی بودجەی کارکردن و دەستکاریکردنی بودجەی وەبەرهێنانەوە بڕی کورتهێنان لە بودجە کەم بکەنەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، داهاتی عێراق ١٣٤ترلیۆنە و ١١٧ ترلیۆنی داهاتی نەوتیە و ١٧ تلیۆنیش نانەوتیە لە کاتێکدا، پرۆژەیاسای بودجەی عێراق بە نزیکەی ١٩٩ ترلیۆن دینار دانراوە.

باسی لەوەشکرد، دەیانەوێت بڕی قەرزە دەرەکییەکان لە پرۆژەیاسایی بودجەدا کەم بکەنەوە کە نۆ ترلیۆن دینارە، تاوەکو بودجە نەبێتە بەرگرانی بۆ هاوڵاتیان.

موعین کازمی وتیشی، لیژنەی دارایی خوێندنەوە و تاوتوێکردنی ٦٧ مادەی یاسای بودجەی تەواو کردوە و ئەندامانی لیژنەکە سەرقاڵی پشتڕاستکردنەن بۆ ئامادەکردنی راپۆرتی لیژنەی دارایین لەبارەی ئەو یاسایانەوە تاوەکو لە دانیشتنی پەرلەماندا تێبینییەکانیان بخەنەڕوو.

لەبارەی وادەی ئەنجامدانی دانیشتنی دووەمەوە، ئەوەی خستەڕوو، رەنگە دانیشتنی دووەمی پەرلەمان بۆ خوێندنەوەی پرۆژەیاسایی بودجە لە دوای جەژنی رەمەزان بەڕێوەبچێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ١٣ی ئازاری ئەمساڵ، سەرۆکوەزیرانی عێراق پرۆژە یاسای بودجەی ساڵەکانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ پەسەندکرد و دوای ناردنی بۆ پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراو و ئاڕاستەی لیژنەی دارایی کرا.

لە پڕۆژە یاسای بودجەدا پشکی هەرێم بە رێژەی ٪١٢.٦٧ جێگیرکراوە و بەهای ١٠٠ دۆلار بەرامبەر بە ١٣٠ هەزار دینار و هەر بەرمیلێک نەوت بە ٧٠ دۆلار جێگیرکراوە.













گەلەری