سەردێڕ:

سەرۆکی ئەمریکا هەڵوێستی خۆی لەبارەی بەڵگەنامە نهێنییە دزەپێکراوەکانەوە ئاشکرا کرد

PM:08:35:13/04/2023

2852 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، نیگەرانە لە دزەپێکردنی بەڵگەنامە نهێنییەکان. دەشڵێت، "ئاگادارنیم لەوەی بەڵگەنامەکان پەیوەندییان بەو دۆخەوەبێت کە لە ئێستادا دەگوزەرێت یان نا".


جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا لە ئیرلەندا رایگەیاند، لە ئێستادا لێکۆڵینەوەی تەواو لەلایەن دەزگای هەواڵگری و وەزارەتی دادەوە دەکرێت و لێکۆڵینەوەکان پێشکەوتنیان بەخۆیانەوە بینیەوە لەبارەی بەڵگەنامە دزەپێکراوەکان، بەڵام ئەو هیچ وەڵامێکی لەبەردەستدا نییە.

ئاماژەی بەوەشدا، نیگەرانە بەرامبەر دزەپێکردنی بەڵگەنامە نهێنییەکان، بەڵام بەدوری زانی هیچ مەترسییەکی گەورە بەدوایخۆیدا بهێنێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، ماوەی چەند رۆژێکە نزیکەی ١٠٠ بەڵگەی نهێنی کە لێی نووسراوە "زۆر نهێنی" و وا دەردەکەوێت کە لەلایەن سوپای ئەمریکی و دەزگای هەواڵگرییەوە ئامادەرکابن و هەڵگری زانیارییە دەربارەی جەنگی سنووری باخموت لە ئۆکرانیان دزەیانپێکراوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرانەوە.

دوابەدوای ئەوەش، رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاویکردەوە، ئەو کەسەی نووسراوە نهێنییەکانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکای لە سەکۆی دیسکۆرد دەزەپێکردووە و بڵاویکردوونەتەوە گەنجێکە لە بیستەکانی تەمەنیدایە و لە بنکەیەکی سەربازی کاری کردووە.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو گەنجە نووسراوەکانی لە گروپ چاتێکی دیسکۆرد بڵاوکردووەتەوە کە لە ٢٠ کەس پێکهاتبوون گروپەکەیان ناوی لێنرابوو "خۆشەویستی هاوبەش بۆ چەک و جبەخانەی سەربازی."

ناوی ئەو کەسەی دزەی بە نووسراوە نهێنییەکان کردووە ئاشکرا نەکراوە و لە هیچ پەیامێکی ناو گروپی دیسکۆردەکەشدا ئاماژەی پێنەدراوە و کۆمپانیای خاوەندرای دیسکۆردیش رایگەیاند، "لەگەڵ کاربەدەستانی ئەمریکا هەماهەنگ دەبن."

وەزارەتی دادی ئەمریکا لە هەفتەی رابردووەوە دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە بە شێوەیەکی فەرمی لە دوای ئەوەی وەزارەتی بەرگری هەواڵی دزەپێکردنی ئەو نووسراوە نهێنییانەی پێ گەیاند.
دەزگای ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکاش سەرقاڵی لێکۆڵێنەوەیە لەسەر هەڵسەنگاندنی ئەو زیانانەی بەهۆی دزەپێکردنی ئەو نووسراوانە بەر ئاسایشی نەتەوەیی و پەیوەندییەکانی دەرەوە لەگەڵ هاوپەیمانان کەوتووە.













گەلەری