کۆشکی کرملین رەتی کردەوە گرفت و ناکۆکی لەنێوان سەرکردەکانی وەزارەتی بەرگری و دەگازی هەواڵگری روسیادا هەبێت، ئەوەش دوای دزەپێکردنی بەڵگەنامە نوێیەکان لەپنتاگۆنەوە سەبارەت بەو بابەتە.
دێمیتری بیسکۆڤ وتەبێژی کۆشکی کرملین رایگەیاند، ئەوان گومانیان هەیە لەسەر راستێتی و دروستی ناوەرۆکی راپۆرتە دزەپێکراوەکان کەباس لە هەبوونی ململانێی ناوخۆیی لەنێوان سەرکردەکانی روسیا و هێزەکانی ئاسایشی نیشتیمانیدا دەکەن.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی تاسی روسی، دیمتری بیسکۆڤ وتەبێژی کۆشکی کرملین ئاماژەی
بەوەداوە، " نازانم ئەم راپۆرتانە لەسەر چی بنەمایەک بنیاد نراون، بەڵام
گومانم لەراستی و دروستی ناوەڕۆکەکەی هەیە دەربارەی ئەوانەی لەروسیادا دەسەڵاتیان
هەیە و وڵات بەڕێوەدەبەن".
ئەم لێدوانانەی دیمیتری بیسکۆڤ دوای ئەوەدێت، کە لەماوەی رابردوودا چەند
بەڵگەنامەیەکی نهێنی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ناسراو بە "پنتاگۆن"
دزەیانپێکرا و بڵاوکرانەوە کە تێیدا باس لە هەبوونی گرفتی قوڵ دەکات لەنێوان سەرکردەکانی
روسیادا و بەشێوەیەکی قوڵتر باس لە ناکۆکییەکانی نێوان هەواڵگری روسیا و وەزارەتی
بەرگری دەکات سەبارەت بە ژمارەی ئەو کوژراو و بریندارانەی کە لە جەنگی ئۆکرانیا هەن.
بەگوێرەی هەڵسەنگاندنەکانی هەواڵگری روسیا کە ئاماژە بەوە دەکات، ژمارەی
کوژراو و بریندارانی سەربازانی روسیا تا مانگی شوباتی رابردوو گەیشتووەتە ١١٠ هەزار
کەس.
هەڵسەنگاندنەکە باسی لەوەشکردووە، ئاماری کوژراوەکان لەلایەن وەزارەتی بەرگرییەوە
بۆ سەرکردایەتی لە مۆسکۆ دابینکراوە و کوژراو و بریندارەکانی پاسەوانی نیشتمانی، جەنگاوەرانی
ڤاگنەر، یان ئەو شەڕکەرانە ناگرێتەوە کە لەلایەن رەمەزان قادیرۆڤ، سەرکردەی کۆماری
چیچان لە باشوری روسیا نێردراون.