کچێکی بە ڕەگەز عێراقی دوای ٣٠ ساڵ دابڕان لە خێزانەکەی، لە وڵاتی مەغریبەوە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە خێزانەکەی دۆزییەوە، چیرۆکەکەشی ھاوشێوەی فیلمەکان باس دەکرێت.
ئەو کچە ناوی کەوسەرە و لە عەشیرەتی دلێمییە، دوای ئەوەی باوکی لە مەغریب ھاوسەرگیری کردووە، پێش ئەوەی کەوسەر لەدایکبێت لە ھاوسەرەکەی جیابووەتەوە و گەڕاوەتەوە بۆ عێراق، لە دەستپێکی جەنگی کوەیتیشەوە، پەیوەندی کەوسەر و باوکی پچڕاوە.
ھەرچەندە کەوسەر لە تەمەنی ھەرزەکاریدا پێی وابووە باوکی کۆچی دواییکردووە، بەڵام لە ئێستادا لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە باوکی دۆزیوەتەوە و زانیویەتی کە شەش خوشکی دیکەی ھەیە.
لە ئێستادا چەند جارێک سەردانی باڵیۆزخانەی عێراقی لە مەغریب کردووە و دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ باوەشی خێزان و کەسوکارەکەی لە بەغدا، رۆژانەش لەگەڵ باوکی لە رێگەی تەلەفۆنەوە قسەدەکەن.
چیرۆکەکەی کەوسەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی مەغریبدا، بووەتە جێگای قسەو باس و ھاوشێوەی فیلمە سینەماییەکان باسی دەکەن.