سەردێڕ:

عێراق وردەکاری بودجەی ٢٠٢٢ی ئاشکراکرد

PM:06:19:09/09/2021

6472 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، لە پرۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٢ بەرمیلێک نەوت بە ٥٠ دۆلار دەخەمڵێنرێت و کورتهێنانیش نزیکەی ٢٠٪ دەبێت.


ماهر حەماد جۆهان بریکاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، بە ئامانجی ئامادەکردنی رەشنوسی پرۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٢ کۆبوونەوەیەکیان بە سەرپەرشتی وەزیری دارایی ئەنجامداوە.

ئاماژەی بەوەشدا، دوای ئامادەکردنی رەشنوسی پرۆژەیاساکە، دەدرێتە لیژنەی ستراتیجی و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران.

لەبارەی نرخی بەرمیلێک نەوت لە پرۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٢ ئەوەی خستەڕوو، نرخی بەرمیلێک نەوت بە ٥٠ دۆلار خەمڵێنراوە و ئەمەش دەکرێت بەرز و نزمی تێدابکرێت.

ماهر حەماد جۆهان وتیشی، کۆی قەبارەی بودجەی خەمڵێنراو لە نێوان ١٢٠ بۆ ١٤٠ ترلیۆن دینار دەبێت، "ئەمەش ژمارەیەکی ئێجگار گەورەیە."

لەبارەی رێژەی کورتهێنانی بودجەشەوە، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاشکرایکرد، رێژەی کورتهێنان لە بودجەدا ٢٠٪ کەمترنابێت، ئەمەش لەسەر بنەمای خستنەبازاڕ و داهاتەکانەوە لە باشترین دۆخدا دانراوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، حکومەتی فیدڕاڵی سەرقاڵی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئامادەکردنی پرۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٢ـە، لە بەرامبەردا حکومەتی هەرێم زیاتر لە حەوت ساڵە پرۆژەیاسای بودجەی ئامادەنەکردووە.

لە سەرەتای ئەمساڵدا، حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە، بۆ ئەمساڵ پڕۆژەیاسای بودجەی هەرێم رەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکات، بەڵام تائێستا پرۆژەکە رەوانە نەکراوە بەبێ ئەوەی هۆکارەکەی ئاشکرابکات.

كـ. ئـ













گەلەری