ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەستەی ئاسمانی عێراق رێنمایی نوێی تایبەت بە گەشتکردن بۆ وڵاتی هندستان دەرکرد و تیایدا هاتووە، لەسەر ئەو کەسانەی کە نەخۆشن و پێویستییان بەسەردانی وڵاتی هندستان هەیە دەتوانن گەشت بکەن.
دەستەی ئاسمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوە کردووە، حکومەتی عێراق رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر گەشتکردنی ئەو کەسانەی کە نەخۆشن و هەروەها ئەو کەسانەشی کە چاودێرییان دەکەن لەسەر ئەرکی خۆیان بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر سەردانی وڵاتی هندستان بکەن.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ئەو کەسانە دەتوانن لەرێگای هێڵی ئاسمانی عێراقییەوە
و بەبێ بەدەستهێنانی رەزامەندی پێشوەختەی وەزارەتی تەندروستی عێراقی دەتوانن گەشتەکەیان
ئەنجامبدەن.
ئەوەشخراوەتەڕوو، پێویستە تەواوی رێکارەکان و داواکارییەکانی گەشتکردن
بۆ هندستان لەلایەن ئەو کەسانەوە ئامادەکرابێت و هەروەها، تەواوی پشکنینە پزیشکییە
خوازراوەکانی وڵاتی هندستانیان ئامادەکردبێت.
ئەمەش دوای ئەوە دێت، لەماوەی رابردوودا وڵاتی هندستان زۆرترین رێژەی
توشبوون و گیانلەدەستدانی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکرد و ئەمەش وایکرد، حکومەتی زۆربەی
وڵاتان و لەنێویشیاندا عێراق گەشتکردنی هاوڵاتیییەکانیان بۆ ئەو وڵاتە سنووردار بکەن.