سەردێڕ:

نرخی دۆلار بەردەوامە لە دابەزین

AM:10:30:10/04/2023

38668 جار خوێندراوەتەوە

لە بازاڕی دراوەکانی سلێمانی ١٠٠ دۆلار بەرامبەر بە ١٤١ هەزار و ٥٠٠ دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت و لە هەولێر بە ١٤٢ هەزارە. وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی هەولێریش بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە ماوەی دوو هەفتەدا نرخی دۆلار دەبێت بە ١٣٧ هەزار.


لە ماوەی هەفتەی رابردوودا بەهۆی زیادبوونی رێژەی خستنەبازاڕی دۆلار لە لایەن بانکی ناوەندییەوە نرخی دۆلار لە بازارەکانی هەرێم و عێراق دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و ئەمڕۆ بەهای ١٠٠ دۆلار بەراورد بە کاتی کردنەوەی بازاڕ هەزار و ٥٠٠ دینار دابەزیوە.

وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی هەولێر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەهۆی زیادبوونی رێژەی دۆلار لە بازاڕدا لە ماوەی هەفتەیەک یان دوو هەفتەی دیکەدا نرخی دۆلار دەگاتە ١٣٧ هەزار دینار.

باسی لەوەشکرد، بانکی ناوەندی بەردەوام دەبێت لە زیادکردنی خستنەبازاڕی دۆلار تاوەکو بەهای ١٠٠ دۆلار دەبێتە ١٣٢ هەزار دینار.

یەکێک لە دوکاندارەکانی بازاڕی دراوەکەی هەولێر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەهۆی ئەوەی خەڵکێکی زۆر بە ڤیزەکارت مامەڵە و بازرگانی دەکەن، وایکردووە دۆلار لە بازاڕدا زیاد بکات و رێژەی خستنە بازاڕی دۆلار زیادی کردووە و نرخەکەشی کەمیکردووە.

ئەوەشی خستەڕوو، جیاوازی نرخی دۆلار لە نێوان بازاڕەکانی هەرێم و عێراق بەهۆی جیاوازی خواستەوەیە نەک ئاستی خستنە بازاڕ.

بانکی ناوەندی عێراقیش لەوبارەیەوە دەڵێت، "نزمبوونەوەی بەهای دۆلار پەیوەستە بە جێبەجێکردنی رێکارەکانی بەرزکردنەوەی بەهای دیناری عێراقی و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ یەکسانکردنی نرخی دۆلار لە بازاڕەکان لەگەڵ نرخی دۆلار لە بانکی ناوەندی."

نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوەدا، رێکارەکانی بانکی ناوەندی بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دینار بەردەوامە و لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوو کاریگەرییەکانی دەردکەوێت و بەهای دۆلار کۆنتڕۆڵ دەکرێتەوە.













گەلەری