سەردێڕ:

نرخی دۆلار بەشێوەیەکی بەرچاو نزمبووەوە

AM:11:29:08/04/2023

3708 جار خوێندراوەتەوە

لەکاتی کردنەوەی بازاڕی دراوەکانی هەرێم نرخی ١٠٠ دۆلار بە ١٤٧ هەزار و ٨٥٠ دینارە و بەراورد بە دوو رۆژی رابردوو نرخەکەی زیاتر دابەزیوە. هاوکات، ئەوە نزمترین نرخییەتی لەماوەی شەش مانگی رابردوودا.


ئەمڕۆ شەممە، نرخی ١٠٠ دۆلار بەرامبەر بە ١٤٧ هەزار و ٨٥٠ دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت وەک نرخی کڕینی دۆلار لە هاوڵاتی، نرخی فرۆشتنی دۆلاریش بە هاوڵاتیان ١٤٨ هەزار و ٢٥٠ دینارە.

هەفتەی رابردوو نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، حکومەتی عێراق بەردەوام کار لەسەر کەیسی دۆلار دەکات و لە دوو هەفتەی داهاتوو نرخی ئەو دراوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت.

پێشتریش چەندین بەرپرسی جیاجیای عێراق و هەرێم لێدوانی ئەوەیان دابوو، کە لە مانگی نیسانەوە نرخی دۆلار دەگاتە ئاستی نرخی فەرمی خۆی کە یەک دۆلار بەرامبەر بە هەزار و ٣٠٠ دینارە لە بانکەکاندا.

هاوکات، لەسەر ئاستی جیهانی بەهای دۆلاری ئەمریکی لە نزمترین بەهای دوو مانگی رابردووی نزیکبووەتەوە، ئەمەش لە دوای ئەوەی پێشبینی ئەوە کرا کە بانکی فیدڕاڵی ئەمریکا چیدیکە رێژەی سوودی بانکەکان زیادنەکات.













گەلەری