شەپۆل و زریانێکی بەهێزی بەفر بارین وڵاتی کەنەدای گرتووەتەوە و بەهۆیەوە هێڵەکانی کارەبا بچراون و زیاتر لە یەک ملیۆن کەس بێکارەبا بوون.
بەپێی میدیاکانی ئەو وڵاتە، شەپۆلی بەفربارینەکە بووەتە هۆی بچڕانی هێڵەکانی کارەبا و کۆمپانیاکانی دابینکردنی خزمەتگوزاری کارەبا لە ناوچەکانی کیبیک و ئۆنتاریۆ خەریکی چاککردنەوەی هێڵەکانن و پێشبینی دەکرێت تاوەکو چەند رۆژێکی دیکەش هێڵەکانی کارەبا چاک نەکرێنەوە،
ئاماژەیان بەوەشکردووە، شەپۆلەکە
بەزۆری هەردوو پارێزگای کیبیک و ئۆنتاریۆی گرتووەتەوە کە دوو ناوچەی چڕی دانیشتوانن
لە وڵاتەکەدا، ئەوەشخراوەتەڕوو شەپۆلەکا باو بارانێکی بەهێزی لەگەڵ خۆیدا هێناوە و
بووە بەهۆی شکانی دارو درەخت و زیانگەیاندن بەهێڵ و ستونەکانی کارەبا و پەکخستنی گەیاندنی
بە هاوڵاتیان.
باس لەوەشکراوە، لە شاری کیبیک
نزیکەی یەک ملیۆن کەس و لە شاری ئۆنتاریۆش ١١٠ هەزار کەس بێکارەبا بوون و کۆمپانیاکانی
کارەبا کار لەسەر دووبارە دابینکردنی کارەبا بۆ ناوچەکان دەکەن، بەڵام لەوانەی پرۆسەی
چاککردنەوەکە چەند رۆژێک بخایەنێت.
هاوکات، بەهۆی زریانە بەهێزەکەوە
دووکەس گیانایان لەدەستداوە و لایخۆیەوە جەستن ترودۆ سەرۆک وەزیرانی کەنەدا رایگەیاند
ئەگەر پێویست بکات ئەوا حکومەت هاوکاری هاوڵاتیانی وڵاتەکەی دەکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە زستانی زۆرینەی ساڵەکاندا شەپۆلی بەفربارینی زۆر
روو لە کەنەدا دەکات و لە ساڵی ٢٠١٨ـەدا تاوەکو ٤٠ سانتیمەتر بەفر باری بەهۆیەوە
هەزار و ٨٠٠ رووداوی هاتووچۆ روویاندا.