تایبەت بە پرسی خنکانی د.فرمێسک لە یەکێک لە مەلەوانگەکانى هەولێر، فەرهاد حەسەن باوکی ئەو پزیشکە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "گومانمان لە گیانلەدەستدانی کچەکەمان هەیە و داوای لێکۆڵینەوەمان لە چۆنییەتی گیانلەدەستدانی کردووە".
فەرهاد حەسەن باوکی د.فرمێسک فەرهاد ئەو کچە پزیشکەی پێش دوو رۆژ بەر لە ئێستا لە مەلەوانگەیەکی هەولێر خنکا، لە لێدوانێکى بۆ ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، "گومانمان لە گیانلەدەستدانی کچەکەمان هەیە و لەوکاتەدا هیچ تیمێکی فریاگوزاری لێ نەبووە".
وتیشی، "لەکاتی خنکانی د.فرمێسکدا، خوشکە بچوکەی لەگەڵدا بووە کە تەمەنی
هەشت ساڵانە". بەگوێرەی وتەی خوشکە بچوکەکەشی، "ئەو فرمێسکی بینیوە کاتێک
ویستوویەتی بچێتە نێو مەلەوانگەکەوە قاچی خلیسکاوە و کەوتووەتە نیو مەلەوانگەکەوە".
لەبارەی ئەوەی ئایا خانەوادەکەیان یان خودی د.فرمێسک فەرهاد هیچ کێشەیەکییان
لەگەڵ هیچ کەس و لایەنێک هەبووە، فەرهاد حەسەن روونیکردەوە، "نە خانەوادەکەیان
و نە خودی فرمێسکیش هیچ کێشەیەکییان لەگەڵ هیچ کەس و لایەنێکی سیاسیدا نەبووە".
دەشڵێت، "لەئێستادا لەلایەن هێزەکانی پۆلیس و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە
لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە و ئێمەش چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان و رێکارە
یاساییەکانین". ئەوەشی وت، "لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان، هەڵوێستی
خۆمان رادەگەیەنین".
رۆژی حەوتی ئەم مانگە، د.فرمێسک فەرهاد حەسەن، تەمەن ٢٥ ساڵان، کە پزیشکی
پسپۆڕی ددان بووە، لەیەکێک لە مەلەوانگەکانی شاری هەولێردا خنکا، دوابەدوای رووداوەکەش،
باوکی فرمێسک رایگەیاند، "گومانمان لە خنکانی فرمێسک هەیە و چاوەڕیی وەڵامی
پزیشکی دادی هەولێرین".