سەردێڕ:

حکومەتی عێراق ئەو جوتیارانەی دیاریکرد کە زستانی داهاتوو پشتگیرییان دەدات

AM:08:55:07/04/2023

2064 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە پلانی وەرزی کشتوکاڵی زستانی داهاتوودا، پشتگیری حکومەت تەنها ئەو جوتیارانە دەگرێتەوە کە سیستەمی ئاودێری مۆدێرن بەکاردەهێنن.


نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لە کۆبونەوەکەی نێوان محەمەد شیاع سودانی و ئەندامانی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو و زۆنگاوەکان باس لە پێشکەوتنی جێبەجێکردنی پلانەکانی حکومەت سەبارەت بە کەرتی کشتوکاڵ کرا.

ئاماژەی بەوەشداوە، هەروەها لە کۆبونەوەکەدا باس لە ئاستەنگەکانی پەیوەست بە بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئاو و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵیدا و پابەندبون بە بەرنامە و ڕێنماییەکانی حکومەت بە ئامانجی پاراستنی سامانی ئاو و بە باشترین شێوە سوودوەرگرتن لێی کرا.

راگەیەنراوەکە باسی لەوەشکردووە، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر ئامادەکردنی پێداویستییەکان بۆ وەرگرتنی ئەو دانەوێڵەیەی کە دەخرێتە بازاڕەوە و پێدانی مافی جوتیاران بۆ هاندانیان و پاڵپشتیکردنی بەرهەمی نیشتیمانی بەمەبەستی گەیشتن بە ئاسایشی خۆراک کرا.

ئەوەشی ئاشکرا کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندوە، لە پلانی وەرزی کشتوکاڵی زستانی داهاتودا، پشتگیری حکومەت تەنها ئەو جوتیارانە دەگرێتەوە کە سیستەمی ئاودێری مۆدێرن بەکاردەهێنن.

سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەشداوە، وەرزی داهاتووی کشتوکاڵی پشتگیری لە بەرهەمەکانی پرۆسەی کشتوکاڵی لەخۆدەگرێت بەبێ پشتگیریکردن لە شتومەکی سەرەکی بە مەبەستی هاندانی چەسپاندنی کەرتی کشتوکاڵ و زیادکردنی توانای ئابورییەکەی.













گەلەری