سەردێڕ:

سەرۆکی فەرەنسا و چین داوای دانوستانی ئاشتی بۆ ئۆکرانیا دەکەن

PM:11:38:06/04/2023

3296 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی فەڕەنسا و هاوتا چینییەکەی لە پەکین داوایان کرد بە زووترین کات دەستبکرێت بە دانوستانی ئاشتی بۆ ئۆکرانیا و رەتیان کردەوە چەکی ئەتۆمی بەکاربهێندرێت.


ئیمانوێڵ ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا لەگەڵ شی جین پینگ سەرۆکی چین لە پەکینی پایتەختی ئەو وڵاتە بۆ جاری دووەم کۆبوەوە و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، دەیانەوێت بە زووترین کات دەست بە دانوستانی ئاشتی ئۆکرانیا بکرێت.

هەروەها، رەتیکردەوە لە جەنگەکەدا چەکی ئەتۆمی بەکاربهێندرێت و ئیدانەی هێرشکردنە سەر هاوڵاتییانی سڤیلی کرد.

سەرۆکی فەڕەنسا باسی لەوەشکرد، دەیانەوێت کارێک بکەن روسیا بەهۆش خۆی بهێننەوە و بیبەنە سەر مێزی گفتوگۆ.

لایخۆشییەوە، شی جین پینگ سەرۆکی چین رایگەیاند، جیهان گۆڕانکاری مێژوویی قوڵی بەخۆیەوە دەبینێت و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پاریس پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە کۆتاییەکانی مانگی شوباتی ٢٠٢٢ بە فەرمانی ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا سوپای ئەو وڵات هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکرد. لەبەرامبەردا ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و هاوپەیمانەکانیان زنجیرەیەک سزای ئابوری دارایی و بازرگانیان بەسەر روسیادا سەپاند و بە پارە و پێدانی چەک و مەشقپێکردنی سەربازی هاوکاری ئۆکرانیایان کرد. 
بەهۆی درێژەکێشانی جەنگەکەوە، ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا بەردەوامن لە رەوانەکردنی کۆمەکی سەربازی لە پێدانی فڕۆکە و سیستمی بەرگری ئاسمانی و تۆپهاوێژی دوور مەودا، جگە لەوەی لە ماوەی رابردوشدا وڵاتی فینلەندا بەفەرمی بوو بە ئەندامی ناتۆ و بەمەش سنورەکانی ناتۆ لە روسیا نزیکتربووە و روسیاش ئەم هەنگاوەی بە مەترسی و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی خۆی وەسفکرد. جگە لەوەی لەماوەی رابردوودا روسیا چەندین جار هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی تاکتیکی کردووە و لە نوێترین هەڵوێستیشیدا رایگەیاند، سیستمی چەکی ئەتۆمی تاکیتیکی لەسەر خاکی بیلاڕوسیا جێگیردەکات.













گەلەری