سەردێڕ:

کۆشکی کرملین: ناتۆ لە سنورەکانمان نزیک دەبێتەوە و رێوشوێنی پێویست دەگرینەبەر

PM:05:10:06/04/2023

2908 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی کرملین رایگەیاند، ناتۆ لە سنورەکانی روسیا نزیک دەبێتەوە. دەشڵێت، "هەر جارێک ناتۆ لە سنورەکانمان نزیک دەبێتەوە بۆ دڵنیابوون لە ئاسایشمان، رێوشوێنی پێویست دەگرینەبەر".


دمیتری بیسکۆڤ وتەبێژی کۆشکی کرملین لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا لە بارەی کۆبونەوەی ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا و تورکیا، ئیبراهیم کاڵن وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەدا، "لە کۆبوونەوەکەدا بەدیهێنانی پڕۆژە گەورەکان کە لە کارنامەی وڵاتەکانماندان، لەنێویاندا ئاککویو تاوتوێ کرا".

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا پوتین بەشداریی لەو رێورەسمەدا دەکات کە بڕیارە لە ٢٧ی نیسان لە وێستگەی وزەی ئەتۆمی ئاککویو بەڕێوەبچێت، وتی: لەم رێورەسمەدا بەشێوەیەکی پێویست نوێنەرایەتی روسیا دەکرێت.

سەبارەت بە لێدوانەکانی یانس ستۆڵتێنبێرگ سکرتێری گشتیی ناتۆ کە وتبووی، روسیا لەبارەی چەکی ئەتۆمییەوە بەڵێنی پوچ دەدات و پێویستە بەوردی بەدواداچوون بۆ کارەکانی بکرێت"، دیمیتری بیسکۆڤ وتی: "ناتۆ لە سنورەکانی رووسیا نزیک دەبێتەوە. ئەوە روسیا نییە کە بە ژێرخانی سەربازییەوە لە سنورەکانی ناتۆ نزیک دەبێتەوە. ئەم جموجۆڵە پێمان دەڵێت ئەمە کێشە و نیگەرانی بۆ ئاسایشمان دروست دەکات. هەر جارێک ناتۆ لە سنورەکانمان نزیک دەبێتەوە بۆ دڵنیابوون لە ئاسایشمان رێوشوێنی پێویست دەگرینەبەر".

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی ٤ی ٤ی ٢٠٢٣ بەفەرمی وڵاتی فینلەندا لە یادی ٧٤ ساڵەی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی "ناتۆ" بوو بە ٣١ەمین ئەندامی رێکخراوەکە. روسیاش هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی کرد.

لەلایەن خۆیەوە، سێرگی شویگۆ وەزیری بەرگری روسیا رایگەیاند، بوون بەئەندامی فینلەندا لە ناتۆ و جوڵە سەربازییەکانی ناتۆ بە مەبەستی خۆ ئامادەکردنی زیاتر مەترسییەکانی هەڵگیرسانی ناکۆکییەکان زیاتر دەکات.

لە مانگی ئایاری ٢٠٢٢ بەهۆی سەرهەڵدانی هێرشەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا و دەستپێکردنی جەنگ لەو وڵاتەدا، هەریەک لە فینلەندا و سوید رایانگەیاند بەنیازن بچنە ناو هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی "ناتۆ"وە و دەستبەرداری هەڵوێستی بێلایەنی خۆیان ببن. لەبەرامبەردا، تورکیا بەبیانوی ئەوەی ئەو دوو وڵاتە پشتیوانی لە پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" دەکەن، لەمپەری لەبەردەم ئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە دروستکرد.

لە کۆتاییەکانی مانگی شوباتی ٢٠٢٣ یەنیس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتی ناتۆ رایگەیاند، لەگەڵ ئەوەی تورکیا تا ئێستا رێگرە لەبەردەم ئەندامبوونی فینلەندا و سوید لە ناتۆ و نیگەرانبوونی خۆی دەربڕیوە، بەڵام ئەو زیاتر بەرامبەر سوید نیگەرانە. ئەمە لە کاتێکدایە، تا ئێستا تورکیا هەڵوێستی خۆی بەرامبەر ئەو وڵاتە رووننەکردووەتەوە کە ئایا ئەندامبوونی پەسەند دەکات یان نا.

بەهۆی ئەوەی ناتۆ پەیڕەوی سیاسەتی کراوە بەرامبەر وڵاتان دەکات، هەموو وڵاتێک دەتوانێت داوابکات ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتییەکەدا بە گوێرەی ئەو بنەمایانەی هاوپەیمانێتییەکە دایناوە و سەرجەم وڵاتانی ئەندام پابەندن پێیەوە. لەبەرامبەردا هەر وڵاتێکی ئەندام مافی ئەوەی هەیە بە ئەندامبوونی وڵاتێکی دیکە پەسەند نەکات.













گەلەری