سەردێڕ:

لەبارەی دۆسیەی کۆچبەرانی عێراقەوە شاندێکی وەزارەتی دەرەوە گەیشتە پۆڵەندا

PM:06:55:04/04/2023

2052 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، شاندێکی عێراق بە سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوە لەگەڵ فەرماندەی گشتی پەسەوانی سنوری پۆڵەندا کۆبووەتەوە و لەبارەی کۆچبەرانی نایاسایی و هاریکاری هاوبەشەوە گفتوگۆیان کردووە.


ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لە ژێر رۆشنایی سەردانەکەی حەیدەر عەزاری باڵیۆزی عێراق بۆ کاروباری ئەوروپا بۆ وڵاتی پۆڵەندا لەگەڵ گریگۆری نیمیس فەرماندەی پەسەوانی سنوری ئەو وڵاتە کۆبووەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، لە کۆبوونەوەکەدا لەبارەی هاریکاری هاوبەش و پەرەپێدانیتوانا ئەمنییەکانی هێزەکانی پاسەوانانی سنوری عێراق گفتوگۆیان کردووە.

دەشڵێت، کۆبوونەوەکە دوێنێ دووشەممە رێکەوتی ٣ی ٤ی ٢٠٢٣ لە وارشۆی پایەتەختی پۆڵەندا بەڕێوەچووە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، حەیدەر عەزاری پێشنیازەکانی پۆڵەندای نرخاند لە هاوکاری کردنی عێراق بۆ پەرەپێدانی راهێنان و مەشقی هێزەکانی اپاسەوانی سنور و بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای نوێ و گۆڕینەوەی زانیاری بۆ پاراستنی سنورەکانی عێراق.

دەشڵێت، حەیدەر عەزاری هەوڵەکانی پۆڵەندای لە خزمەتکردنی کۆچبەرانی عێراقی و رزگارکردنی ژیانیان و دابینکردنی پێداویستی و چاودێری پزیشکی و پێدانی پێداویستی بنەڕەتی نرخاندووە کە ژیان و مافە مرۆییەکانی کۆچبەرانی عێراقی پاراستووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ قەیرانی کۆچبەران کە بەشێکیان عێراقی و ژمارەیەکیان خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون لەسەر سنوری نێوان بیلاڕوسیا و پۆڵەندا دروستبوو، دەسەڵاتدارانی یەکێتی ئەوروپاش رایانگەیاند بە ھەموو شێوەیەک دژی وەرگرتنی کۆچبەرانن بۆ ناو خاکەکەیان.

دوابەدوای دروستبوونی قەیرانەکەش، وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەستی بە هەوڵەکان کرد بۆ گەڕاندنەوەی ئە کۆچبەرانەی ئارەزومەندانە گەڕانەوە بۆ عێراق و هەرێم کە ژمارەیان لە دوو هەزار کۆچبەر زیاتربوو و بە زیاتر لە چوار کاروان گەڕانەوە عێراق و هەرێم.
بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و چارەسەرنەکردنی قەیرانی کارەبا و رێگەوبان و تەندروستی و پەروەردەیی و بێکاری و دانەمەزراندنی دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان و نەبوونی ئازادی رادەربڕین و خۆپیشاندان و رۆژنامەگەری و پێشلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێم و عێراق، ساڵان هەزاران گەنج و سەدان خێزان روو لە وڵاتانی خۆرئاوادەکەن. لەکاتێکدا، عێراق یەکێکە لە وڵاتە دەوڵەمەندەکان بە سامانی نەوت و زەوییەکی بەپیتی کشتوکاڵی هەیە، بەڵام لە دەوای راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ لە هەرێم و روخانی رژێمی سەدام حسێن لە ساڵی ٢٠٠٣ نەتوانراوە ئەم سامانە بۆ خزمەتی هاوڵاتییان و رەخساندنی ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتییان بەکار بخرێت. 













گەلەری