سەردێڕ:

بەفەرمی فینلەندا بوو بە ئەندام لە ناتۆ و روسیاش هەڵوێستی خۆی راگەیاند

PM:05:03:04/04/2023

4824 جار خوێندراوەتەوە

بەفەرمی وڵاتی فینلەندا لە یادی ٧٤ ساڵەی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی "ناتۆ" بوو بە ٣١ەمین ئەندامی رێکخراوەکە. روسیاش هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی کرد.


رۆژنامەی لاکروای فەرەنسی بڵاویکردەوە، ئەمرۆ بەفەرمی وڵاتی فینلەندا بووە ٣١ەمین ئەندام لە پەیمانی باکوری ئەتڵەسی "ناتۆ".

ئاماژەی بەوەشداوە، نیگەرانییەکانی فینلەندا لە دوای سەرهەڵدانی جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیاوە بووە هۆ ئەوەی ئەو وڵاتە داوای بە ئەندامبوون لە ناتۆ بکات و دەستبەرداری هەڵوێستی بێلایەنی خۆی لە کێشەکان بێت.

لەلایەن خۆیەوە، سێرگی شویگۆ وەزیری بەرگری روسیا رایگەیاند، بوون بەئەندامی فینلەندا لە ناتۆ و جوڵە سەربازییەکانی ناتۆ بە مەبەستی خۆ ئامادەکردنی زیاتر مەترسییەکانی هەڵگیرسانی ناکۆکییەکان زیاتر دەکات.

وتیشی، بەشێک لە فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتی بیلاڕوسیا لە ئێستادا لە توانایاندایە کڵاوەی ئەتۆمی هەڵگرن.

وەزیری بەرگری روسیا باسی لەوەشکرد، سیستمی ئەسکەندەر بۆ بیلاڕوسیا گواستراوەتەوە کە دەتوانێت کڵاوەی ئەتۆمی تاکتیکی و کلاسیکی لەسەر جێگیربکرێت.

ئەوەشی ئاشکرا کرد، لە رێکەوتی ٣ی ٤ی ٢٠٢٣ تیمێکی مەشق و راهێنانی روسیا راهێنانیان بە تیمێکی بیلاڕوسی کردووە تا بتوانن سیستمی ئەسکەندەر بەکار بهێنن لە پێناو پاراستنی ئاسایشی روسیا.

هەر ئەمڕۆ، دیمیتری بیسکۆڤ وتەبێژی کۆشکی کرملین رایگەیاند،فراوانکردنی سنورەکانی ناتۆ و بە ئەندامبوونی فینلەندا لەو رێکخراوەدا مەترسی لەسەر ئاسایشی روسیا دروست دەکات.

وتیشی، ئەمەش هەنگاوێکی نوێیە بۆ ئاڵۆزترکردنی دۆخەکە و دروستکردنی مەترسی لەسەر بەرژەوەندییەکانی روسیا.

ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ یانس ستۆڵتێنبێرگ سکرتێری گشتی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی "ناتۆ" رایگەیاند، سبەینێ ئەندامبوونی فینلەندا لە ناتۆ رادەگەیەندرێت، بەمەش ئەو وڵاتە دەبێت بە ٣١ـەم ئەندام لە ناتۆ و ئاڵای فینلەندا لە بارەگای ناتۆ بەرز دەکرێتەوە.

لە مانگی ئایاری ٢٠٢٢ بەهۆی سەرهەڵدانی هێرشەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا و دەستپێکردنی جەنگ لەو وڵاتەدا، هەریەک لە فینلەندا و سوید رایانگەیاند بەنیازن بچنە ناو هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی "ناتۆ"وە و دەستبەرداری هەڵوێستی بێلایەنی خۆیان ببن. لەبەرامبەردا، تورکیا بەبیانوی ئەوەی ئەو دوو وڵاتە پشتیوانی لە پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" دەکەن، لەمپەری لەبەردەم ئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە دروستکرد.

لە کۆتاییەکانی مانگی شوباتی ٢٠٢٣ یەنیس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتی ناتۆ رایگەیاند، لەگەڵ ئەوەی تورکیا تا ئێستا رێگرە لەبەردەم ئەندامبوونی فینلەندا و سوید لە ناتۆ و نیگەرانبوونی خۆی دەربڕیوە، بەڵام ئەو زیاتر بەرامبەر سوید نیگەرانە. ئەمە لە کاتێکدایە، تا ئێستا تورکیا هەڵوێستی خۆی بەرامبەر ئەو وڵاتە رووننەکردووەتەوە کە ئایا ئەندامبوونی پەسەند دەکات یان نا.

بەهۆی ئەوەی ناتۆ پەیڕەوی سیاسەتی کراوە بەرامبەر وڵاتان دەکات، هەموو وڵاتێک دەتوانێت داوابکات ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتییەکەدا بە گوێرەی ئەو بنەمایانەی هاوپەیمانێتییەکە دایناوە و سەرجەم وڵاتانی ئەندام پابەندن پێیەوە. لەبەرامبەردا هەر وڵاتێکی ئەندام مافی ئەوەی هەیە بە ئەندامبوونی وڵاتێکی دیکە پەسەند نەکات.

هەر دوای لووتکەی مەدرید لە حوزەیرانی ٢٠٢٢ زۆربەی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ دەستیان کرد بە رەزامەندی دەربڕین لەسەر پرۆسەی بە ئەندامبوونی سوید و فینلەندا لە ناتۆ. پەرلەمانی ٢٠ وڵاتی ئەندام لە ناتۆ لە مانگی تەمموز، پەرلەمانی چوار وڵاتی ئەندام لە مانگی ئاب پەرلەمانی چوار وڵاتی دیکەیش لە ئەیلوودا پرۆسەی بوونە ئەندامی ئەو دوو وڵاتەیان پەسەند کرد.

لە ٢٧ی ئادار پەرلەمانی هەنگاریا رەزامەندی دەربڕی لەسەر بە ئەندامبوونی فینلەندا لە ناتۆ. بڕیاری پەرلەمانی تورکیایش لەمبارەیەوە لە ٣٠ی ئازاردا دەرچوو. بەم جۆرە پرۆسەی بوونە ئەندامی فینلاند لە ناتۆ کەمتر لە ساڵێکی خایاند، ئەمەش بووە یەکێک لە کەمخایەنترین پرۆسەی بوونە ئەندامی وڵاتێک لە مێژووی ئەو پەیمانە تەمەن ٧٤ ساڵەیییە.













گەلەری