سەردێڕ:

سکرتێری گشتی ناتۆ: سبەینێ فینلەندا دەبێتە ئەندامی ناتۆ

PM:06:58:03/04/2023

2360 جار خوێندراوەتەوە

سکرتێری گشتی ناتۆ رایگەیاند، سبەینێ ئەندامبوونی فینلەندا لە ناتۆ رادەگەیەندرێت، بەمەش ئەو وڵاتە دەبێت بە ٣١ـەم ئەندام لە ناتۆ و ئاڵای فینلەندا لە بارەگای ناتۆ بەرز دەکرێتەوە.


یانس ستۆڵتێنبێرگ سکرتێری گشتی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی "ناتۆ" بەرلە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، لە یەکەم رۆژی کۆبوونەوەکەدا، ئەندامبوونی فینلەندا لە ناتۆ رادەگەیەندرێت.

وتیشی، بەمەش فینلەندا دەبێت بە ٣١ـەم ئەندام لە ناتۆ و ئاڵای ئەو وڵاتە لە بارەگای ناتۆ بەرز دەکرێتەوە.

یانس ستۆڵتێنبێرگ ئاماژەی بەوەشدا، ئەمەش دەبێتە مایەی ئەوەی ئاسایشی فینلەندا پارێزراوتر بێت و ناتۆش بەهێزتر دەکات.

هەروەها، سکرتێری گشتی ناتۆ هیوای خواست پرۆسەی بوون بەئەندامی سوید لە ناتۆ لە نزیکترین کاتدا تەواو بێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە مانگی ئایاری ٢٠٢٢ بەهۆی سەرهەڵدانی هێرشەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا و دەستپێکردنی جەنگ لەو وڵاتەدا، هەریەک لە فینلەندا و سوید رایانگەیاند بەنیازن بچنە ناو هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی "ناتۆ"وە و دەستبەرداری هەڵوێستی بێلایەنی خۆیان ببن.لەبەرامبەردا، تورکیا بەبیانوی ئەوەی ئەو دوو وڵاتە پشتیوانی لە پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" دەکەن، لەمپەری لەبەردەم ئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە دروستکرد.

لە کۆتاییەکانی مانگی شوباتی ٢٠٢٣ یەنیس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتی ناتۆ رایگەیاند، لەگەڵ ئەوەی تورکیا تا ئێستا رێگرە لەبەردەم ئەندامبوونی فینلەندا و سوید لە ناتۆ و نیگەرانبوونی خۆی دەربڕیوە، بەڵام ئەو زیاتر بەرامبەر سوید نیگەرانە. ئەمە لە کاتێکدایە، تا ئێستا تورکیا هەڵوێستی خۆی بەرامبەر ئەو وڵاتە رووننەکردووەتەوە کە ئایا ئەندامبوونی پەسەند دەکات یان نا.

بەهۆی ئەوەی ناتۆ پەیڕەوی سیاسەتی کراوە بەرامبەر وڵاتان دەکات، هەموو وڵاتێک دەتوانێت داوابکات ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتییەکەدا بە گوێرەی ئەو بنەمایانەی هاوپەیمانێتییەکە دایناوە و سەرجەم وڵاتانی ئەندام پابەندن پێیەوە. لەبەرامبەردا هەر وڵاتێکی ئەندام مافی ئەوەی هەیە بە ئەندامبوونی وڵاتێکی دیکە پەسەند نەکات.

هەر دوای لووتکەی مەدرید لە حوزەیرانی ٢٠٢٢ زۆربەی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ دەستیان کرد بە رەزامەندی دەربڕین لەسەر پرۆسەی بە ئەندامبوونی سوید و فینلەندا لە ناتۆ. پەرلەمانی ٢٠ وڵاتی ئەندام لە ناتۆ لە مانگی تەمموز، پەرلەمانی چوار وڵاتی ئەندام لە مانگی ئاب پەرلەمانی چوار وڵاتی دیکەیش لە ئەیلوودا پرۆسەی بوونە ئەندامی ئەو دوو وڵاتەیان پەسەند کرد.

لە ٢٧ی ئادار پەرلەمانی هەنگاریا رەزامەندی دەربڕی لەسەر بە ئەندامبوونی فینلەندا لە ناتۆ. بڕیاری پەرلەمانی تورکیایش لەمبارەیەوە لە ٣٠ی ئازاردا دەرچوو. بەم جۆرە پرۆسەی بوونە ئەندامی فینلاند لە ناتۆ کەمتر لە ساڵێکی خایاند، ئەمەش بووە یەکێک لە کەمخایەنترین پرۆسەی بوونە ئەندامی وڵاتێک لە مێژووی ئەو پەیمانە تەمەن ٧٤ ساڵەیییە.













گەلەری