سەردێڕ:

لەبارەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمییەوە نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداریدا

AM:09:32:02/04/2023

3048 جار خوێندراوەتەوە

نوێنەری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری چەکداماڵین رایگەیاند، مەترسی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە ئێستادا زیاترە لە هەر کاتێک لە قووڵایی جەنگی ساردەوە. دەشڵێت، "جەنگی ئۆکرانیا نوێنەرایەتی توندترین نموونەی ئەو مەترسییە دەکات".


دەنگی ئەمریکا بڵاویکردەوە، ئیزومی ناکامیتسۆ، نوێنەری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری چەکداماڵین ئاماژەی بەوەداوە، مەترسی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە ئێستادا زیاترە لە هەر کاتێک لە قووڵایی جەنگی ساردەوە.

دەشڵێت، "جەنگی ئۆکرانیا نوێنەرایەتی توندترین نموونەی ئەو مەترسییە دەکات".

ئەمە لەکاتێکدایە، لێدوانەکەی ئیزومی ناکامیتسۆ رۆژی هەینی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشدا دوای ئەوە هات کە ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا رایگەیاند، گەیشتوونەتە رێککەوتنێک بۆ جێگیرکردنی چەکی ئەتۆمی ناستراتیجی لە ناو خاکی بیلاروسیا تا مانگی تەمموز.

ئیزومی ناکامیتسۆ ئاماژەی بەوەشدا،نەبوونی گفتوگۆ و هەرەسهێنانی رێککەوتننامەکانی داماڵینی چەک و کۆنترۆڵکردنی چەک لەگەڵ قسەی مەترسیدار و هەڕەشەی پەردەپۆشکراو دەتوانێت ببێتە هۆی پەرەسەندنی ئەتۆمی.

وتیشی، کاتێک باس لە پرسەکانی پەیوەست بە چەکی ئەتۆمی دەکرێت، پێویستە هەموو دەوڵەتەکان خۆیان لە گرتنەبەری هەر کارێک بەدوور بگرن کە ببێتە هۆی پەرەسەندن.

پێشتر، ئەلێکساندەر لۆکاشینکۆ سەرۆکی بێلاڕوسیا لە وتارێکی ساڵانەیدا بۆ یاسادانەران و بەرپرسانی حکومەت هەڕەشەی کرد کە وڵاتەکەی دەتوانێت میوانداری مووشەکی ئەتۆمی نێوان کیشوەرەکانیش بکات لەسەر خاکەکەی جگە لەو چەکی ئەتۆمی تاکتیکییەی کە روسیا بڕیاری داوە لەوێ جێگیر بکات.

وتیشی، چەکی ئەتۆمی مۆسکۆ یارمەتیدەر دەبێت بۆ پاراستنی بێلاڕوسیا، لەکاتێکدا وڵاتەکەی لە ژێر هەڕەشەی رۆژئاوادایە.













گەلەری