وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لەمەبەدوا ماوەی بڕینی ئینتەرنێت بەهۆی تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەییەوە کاتژمێرێک کەمدەکرێتەوە، بە جۆرێک لە کاتژمێر ٦:٣٠ خولەک بۆ ٩:٣٠ خولەک ئینتەرنێت دەبڕدرێت.
دیلان رەشاد، وتەبێژى وەزارەتى گواستەوە و گەیاندنى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە لێدوانێکى بۆ ئێن ئاڕ تى ئاماژەى بەوە کرد "کاتى بڕینى ئینتەرنێت بەهۆى ئەنجامدانى تاقیکردنەوەکان بۆ ماوەى کاتژمێرێک کەمدەکرێتەوە".
وتیشى "رۆژانە و لەکاتى بەڕێوەچوونى تاقیکردنەوەکانى خولى دووەمى ١٢ى ئامادەییەوە لەکاتژمێر ٦:٣٠ خولەک بۆ ٩:٣٠ خولەک هێڵەکانى ئینتەرنێت دەبڕدرێت".
وتەبێژى وەزارەتەکە روونیکردەوە، بڕینى هێڵى ئینتەرنێت بۆ بەرژەوەندى گشتى و بەفیڕۆنەچوونى تێکۆشان و شەونخوونى قوتابیان و ئامادەکارییانە بۆ ئەنجامدانى تاقیکردنەوەکان و لەسەر راسپاردەى وەزارەتى پەروەردە ئەوان کۆمپانیاکانیان راسپاردووە کە لەو کاتانەدا هێڵەکانى ئینتەرنێت ببڕن.
وتیشى "بەهۆى بڕینى ئەو چەند کاتژمێرەش کۆمپانیاکان قەرەبووى بەشداربووان و هاووڵاتیان ناکەنەوە".
پێشتر وەزارەتى گواستنەوە و گەیاندنى هەرێم رایگەیاند، لە رۆژی دووشەممەوە
٦ى ئەیلول تاوەکو ١٥ى ئەیلول، رۆژانە لە کاتژمێر (٦:٣٠) ی بەیانی تاوەکو (١٠:٣٠) بەیانی
سەرجەم هێڵەکانی ئینتەرنێت رادەگیرێن.
وەزارەتەکە، هۆکاری بڕینی هێڵەکانی ئینتەرنێتى گەڕاندەوە بۆ بەڕێوەچوونی
تاقیکردنەوەکانی نیشتمانی خولی دووەمی پۆلی ١٢ی ئامادەیی.
لە ماوەی رابردووشدا و لەکاتی بەڕێوەچوونی خولی یەکەمی
تاقیکردنەوەکانى پۆلی ١٢ی ئامادەییدا بەهەمان شێوە رۆژانی تاقیکردنەوەکان هێڵەکانی
ئینتەرنێت رادەگیران.