سەردێڕ:

تورکیا: لە سێ مانگی رابردوودا زیاتر لە پێنج هەزار کۆچبەری نایاسایی لە دەریای ئیجە رزگارکراون

PM:05:56:01/04/2023

2868 جار خوێندراوەتەوە

تیمەکانی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا رایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا، پێنج هەزار و ١٥٣ کۆچبەری نایاساییان رزگار کردووە کە هەوڵیانداوە لە تورکیاوە بە رێگای نایاسایی خۆیان بگەیەننە یۆنان.


ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئانادۆڵۆ بڵاویکردەوە، تیمەکانی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا لە ١ی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە تا ٣١ی ئازار، پێنج هەزار و ١٥٣ کۆچبەری نایاساییان لە دەریای ئیجە رزگار کردووە کە لەلایەن یۆنانەوە بەزۆر رەوانەی سنوورە ئاوییەکانی تورکیا کراونەتەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، تیمەکان رێگرییان لە دوو هەزار و ٢٣٢ کۆچبەری دیکەش گرتووە کە بە رێگای نایاسایی خۆیان بگەیەننە ئەوروپا.

هەر بەگوێرەی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، زۆرترین ئۆپەراسیۆنەکانی رزگارکردنی کۆچبەران لە شاری ئیزمیر بەڕێوەچوون و لە مانگی کانوونی دووەمدا ٧٩٠ کۆچبەر و لە مانگی شوباتدا ٥٤٢ و لە مانگی ئازاردا ٨٢١ کۆچبەری نایاسایی لە کەناراوەکانی ئیزمیر رزگار کراون.

دەشڵێت، لە مانگی کانوونی دووەمدا ٢٦٨، لە مانگی شوباتدا ١٨١ و لە مانگی ئاداردا ٣٧١ کۆچبەر لە ئیزمیر دەستگیرکراون کە هەوڵیانداوە بە رێگای نایاسایی خۆیان بگەیەننە خاکی یۆنان.

ئاژانسەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، تیمەکانی فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکان لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لە پارێزگای چاناککالە هەزار و ٢٤٢، لە موغڵا ٩٧٠، لە ئایدن ٥٨١ و لە باڵکئەسیر ٢٠٧ کۆچبەری نایاساییان رزگار کردووە کە لە یۆنانەوە رەوانەی سنوورە ئاوییەکانی تورکیا کراونەتەوە.

هەروەها، لە ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاساییدا لە چاناککالە ٥٥٥، لە موغڵا ٤٢٣، لە ئایدن ٢٨٤ و لە باڵکئەسیر ١٥٠ کۆچبەری نایاسایی دەستگیر کراون.

ئەمە لەکاتێکدایە، لێشاوی کۆچبەرانی نایاسایی بەرەو ئەوروپا بەردەوامە و زۆرێک لە کۆچبەران رێگای دەریای ئیجە هەڵدەبژێرن بۆ گەیشتن بە خاکی ئەوروپا و ساڵانەش ژمارەیەک کۆچبەر لە منداڵ و ژن و گەنج و بەتەمەن بەهۆی نقومبوونی بەلەمەوە دەخنکێن.













گەلەری