سەردێڕ:

ئێران: راوێژکارێکی سەربازی سوپای پاسداران لە سوریا کوژرا

PM:03:43:31/03/2023

3556 جار خوێندراوەتەوە

لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیل بۆ سەر دیمەشقی پایتەختی سوریا راوێژکارێکی سەربازی سوپای پاسداران کوژرا.


ئەمڕۆ هەینی، ئاژانسی هەواڵی نیمچە فەرمی تەسنیمی ئێرانی بڵاویکردەوە، لە بەرەبەیاندا، میلاد حەیدەری راوێژکاری سەربازی و ئەفسەر لە سوپای پاسداران لە هێرشی ئیسڕائیلدا بۆ سەر شاری دیمەشق کوژراوە.

ئاژانسەکە باسی لەوەشکرد، ئەو راوێژکارە سەر بە فەیلەقی رەشیدی سوپای پاسداران لەسوریا بووە.

لای خۆیەوە، ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، هێرشەکانی ئیسرائیلی لە دیمەشق سەرکۆنەکرد و ئاماژەی بەوەدا، ئەم جۆرە کارە شەڕانگێزانە پێشێلکارییەکی ئاشکرا و بەردەوامی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لەسەرەتای ئەمساڵەوە سوپای ئیسرائیل چەندین هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر پێگە سەربازییەکانی ئێران لە سەریا و چەندین فەرماندە و سەربازی ئێران لە هێرشەکاندا کوژراون.

دوێنێش، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا "پنتاگۆن" راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە سوریا هەشت چەکدار کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکران کوژراون.

پێنجشەممەی رابردوو، لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان دامەزراوەیەکی لە بنکەیەکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا کردە ئامانج و بەهۆیەوە بەڵێندەرێکی ئەمریکی کوژرا و پێنج ئەندامی خزمەتگوزاری ئەمریکی بریندار بوون.













گەلەری