سەردێڕ:

ئەگەر گۆڤەند دەستگیربکرێت سزاکەی چی دەبێت؟

PM:06:01:08/09/2021

41544 جار خوێندراوەتەوە

کاردانەوەکان لەسەر کەیسەکەی گۆڤەند بەردەوامە و ئێن ئاڕ تی لەبارەی ئەو سزایەی گۆڤەند دەیگرێتەوە سۆراغێکی کردووە.


ئازاد دۆسکی پارێزەری راوێژکار لە دادگای سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بابەتەکە یاسای ١١١ی ساڵی ١٩٦٩ی سزادانی عێراقی دەیگرێتەوە کە تاوانەکە بە جۆری کەتن دیاریکراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ هەر سکاڵایەک کە لە دژی تۆمەتبار بکرێت ماوەی شەش مانگ بۆ پێنج ساڵ سزادەدرێت و ئەگەر سکاڵاکان زیاتر لە دانەیەک بێت ئەوا پەڕاو بۆ دۆسییەکە دەکرێتەوە.

ئەو پارێزەرە دەشڵێت، ئەگەر ئەو کەسەی سکاڵا لە دژی کراوە پێشینەی هەبێت سزاکەی زیاتر دەبێت.

بەپێی سۆراغێکی ئێن ئاڕ تی زۆربەی تۆمەتبارەکانی کەیسەکەی گۆڤەند لە هەرێمن و تا ئێستا حەوت کەسیش دەستگیرکراون کە هەستاون بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی گەنجەکان و هەڕەشەیان لێکردون بۆ وەرگرتنی پارە و تۆمارکردنی ڤیدیۆی تایبەتی و سەرەداوەکان دەڵێن، کە دوو کەس سەرپەرشتی کارەکانیان کردبێت کە یەکێکیان گومان دەکرێت لە دەرەوەی وڵات بێت.

هەفتەیەکە بڵاوبوونەوەی گرتەی ڤیدیۆیی چەند کچ و کوڕێکی گەنج تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی هەژاندووە کە تییادا جگە لە سوکایەتیکردن بە خۆیان پەشیمانیش دەردەبڕن، دواتریش ئاشکرابوو کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان باندێک فریوی داون و گرتەی ڤیدۆیی گرتوون و هەڕەشەی وەرگرتنی پارەی لیکردون و ڤیدۆکانیشی بڵاوکردونەتەوە.













گەلەری