سەردێڕ:

هاوپەیمانان کاروانێکی دیکەی هاوکاریی سەربازییان رادەستى پێشمەرگە کرد

PM:05:01:08/09/2021

4664 جار خوێندراوەتەوە

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش کاروانێکی دیکەی هاوکاری سەربازی پێشکەشی پێشمەرگە کرد و رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە هاوکاریکردنی پێشمەرگە و کاری هاوبەش.


هۆشمەند حەیدەر جێگری سەرۆکی سوپاسالاری پێشمەرگە لە لێدوانێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، هاوکارییەکان پێکهاتووە لە ژمارەیەک هامەری دژە گولە و باهەڵگر و شۆفڵ و حەفارە و تەنکەری سوتەمەنی و تەنکەری ئاو و بارهەڵگری رزگارکەر.

شاندی هاوپەیمانان لەبارەی هاوکارییەکانەوە ئەوەیان خستەڕوو، ئەو هاوکارییانە هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەرزکردنەوەی توانای سەربازی و شەڕکردنی پێشمەرگە بەردەوامیش دەبن لە هاوکاری لۆجیستی بۆ پێشمەرگە.

هەردوولاش باسیان لەوەکرد، ئامانجی هەردوو هێزی هاوپەیمانان و پێشمەرگە تێکشکاندن و نەهێشتنی داعشە لە ناوچەکە، بەردەوامیش پێکەوە هەوڵدەدەن بۆ ئەو ئامانجە.

هاوکات، وەین مەرۆتۆ وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە تویتێکدا ئاماژەی بەوەدا، پابەند دەبن بە بەردەوامی هاوکاریەکانیان بۆ پێشمەرگە و هاوبەشەکانیان لەئێستا و لەداهاتووشدا بەمەبەستی دڵنیابوونەوە لەوەی هیچ هەڕەشەیەکی داعش لە ناوچەکە سەرهەڵناداتەوە.

پێشتریش هاوپەیمان چەند کاروانێکى هاوکارى سەربازى و لۆجستییان پێشکەش بە پێشمەرگە کردووە و لەساڵى ٢٠١٧ەشەوە مانگانە زیاتر لە ٢٠ ملیۆن دۆلار وەک موچە دەدەن بەو لیوا هاوبەشانەى خراونەتە سەر وەزارەتى پێشمەرگە و داواش دەکەن تەواوی هێزەکانی پێشمەرگە یەکبخرێتەوە تا هاوکارییەکانیان تەواوی هێزەکانی پێشمەرگە بگرێتەوە.













گەلەری