سەردێڕ:

لەماوەی ٣٩ ساڵی حکومڕانی پادشایەتی ئەفغانستاندا هیچ کەسێک لە سێدارە نەدراوە

PM:03:17:08/09/2021

4832 جار خوێندراوەتەوە

دوای ٢٠ ساڵ لە گەڕانەوەی بزوتنەوەی تاڵیبان بۆ جاری دووەم بۆ حکومڕانی ئەفغانستان، لە ئێستادا ئەو وڵاتە بووەتە جێگەی گرنگی پێدانی جیهان و سەرنجی جیهان لەسەر ئەو وڵاتە چڕبووەتەوە، لەگەڵ ئەوەی کەمن ئەو کەسانەی ئاگاداری مێژووی فەرمانڕەوایی ٣٩ ساڵ پاشایەتی ئەو وڵاتەن.


محەمەد زاهیر شا، کۆتا پاشابوو جڵەوی فەرمانڕەوایی ئەفغانستانی گرتە دەست و ماوەی دەسەڵات دارییەکەی ٣٩ ساڵی خایاند و دواجار لە ساڵی ١٩٧٣ بەهۆی کودەتایەکی سەربازییەوە کۆتایی بە دەسەڵاتدارێتییەکەی هێنرا و سیستمی کۆماری شوێنی گرتەوە.

محەمەد زاهیر شا و حومەیرا بەیغومی هاوسەری، بە هەڵوێستە بوێرەکانیان ناوسراون بە ئامانجی بەرەو پێشبردنی وڵات، سەرەڕای روبەڕووبوونەوەی ئە مەترسییانەی لە سەر ژیانیشییان هەبوو.

محەمەد زاهیر شا، پێداگربوو لەسەر گرتنە بەری شیوازێکی نوێ لە فەرمانڕەوایی و سیاسەتێکی هاوسەنگ بە ئامانجی زیاتر کرانەوەی کۆمەڵگەی ئەفغانی، بەشێوەیەک لە جەنگی دووەمی جیهانیدا هیچ بەشدارییەکی نەبوو.

لەماوەی ٣٩ ساڵی فەرمانڕەوایەتی محەمەد زاهیر شادا، هیچ سزایەکی لە سێدارەدانی واژۆنەکرد و بەردەوام هەوڵیدەدا کۆتایی بە یاسایە بهێنێت و دادگاکان بەهێزتر و دادپەروەرانەتر بکات.

لە ساڵی ١٩٦٤ و بە فەرمانی پادشا دەستورێکی نوێی سەردەمییانە نوسرایەوە بە ئامانجی بە دیموکراتی کردنی سیستمی حکومڕانی و بەڕێوەچوونی هەڵبرژادنی پەرلەمان و پەسەند کردنی مافەکانی ژنان و مافە شارستانێتییەکان.

محەمەد زاهیر شا شانبەشانی حومەیرا بەیغومی هاوسەری، کە لە ساڵی ١٩٣١ هاوسەرگیریان کردبوو، سەرقاڵی هەنگاونانبوون بۆ چاکسازی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و کەلتوری لە ئەفغانستاندا، لە کاریگەرترین دیمەندا کە زۆرترین گفتوگۆ و قسەو باسی بەدوای خۆیدا هێنا، دەرکەوتنی حومەیرا بەیغومی بوو بێ سەرپۆش و لەبەر کردنی جلی باڵاپۆشی.

سەرەڕای ئەم هەنگاوانە، بەڵام ژیانی پادشا وهاوسەرەکی بە شێوەیەکی تراژیدی کۆتایی هات، کاتێک کوڕەکەیان کە هێشتا منداڵ بوو لە دۆخێکی ناڕون و گوماناویدا گیانیلەدەستدا.

دواجار لە ساڵی ١٩٧٣، کاتێک محەمەد زاهیر شا، پادشای ئەفغانستان و حومەیرا بەیغومی هاوسەری بەمەبەستی ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ چاو و بڕبڕەی پشتی پادشا و وەرگرتنی چارەسەر لە ئیتاڵیابوون، هەریەک لە ئامۆزاکەیی و محەمەد داود خان سەرۆکوەزیرانی پێشووی حکومەتەکەی ئەم دەرفەتەیان بە هەلزانی و کودەتایان بەسەرداکرد و کۆتاییان بە سیستمی پادشایی هێنا و سیستمی کۆمارییان لە ئەفغانستان راگەیاند.

محەمەد داود خان دەساڵ پێشتر لەلایەن محەمەد زاهیر شاوە پسۆتەکەی لادرا، لە مانگی ئابی ١٩٧٣دا پادشا دوای کودەتاکە لەسەر دەستی خان کۆتایی دەسەڵاتەکەی هێنرا و دورخرایەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، دوای کودەتاکە، محەمەد زاهیر شا بەمەبەستی رێگری کردن لە رشتنی خوینی هاوڵاتییان و رونەدانی جەنگی ناوخۆیی، دەست بەرداری دەسەڵات بوو و لەگەڵ حومەیرا بەیغومی هاوسەری لە باکوری رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بۆ ماوەی ٢٩ ساڵ لە ڤێلایەکدا بەشێوەی پەنابەر ژیانیان بەسەربرد.

دواجار لە ٢٣ی ئەیلولی ٢٠٠٧ محەمەد زاهیر شا کۆچی دوایی کرد و لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان بە خاک سپێردرا و نازناوی باوکی ئەفغانییەکانی پێ بەخشرا. لە ساڵی ٢٠٠٢ حومەیرا بەیغومی کۆچی دوایی کرد و لە کابوڵ بە خاک سپێردرا.

کامەران ئەحمەد

No description available.












گەلەری