سەردێڕ:

ئایا ڤاکسین بە خوێندکاران دەدرێت؟

AM:10:56:08/09/2021

16152 جار خوێندراوەتەوە

جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی رایگەیاند، لە ئێستادا ھیچ بڕیاڕێک نییە وەرگرتنی ڤاکسین لەلایەن مامۆستایانەوە ناچاری بێت، بەڵکو ئارەزومەندانەیە. دەشڵێت، "ئەگەر پرۆسەی وەرگرتنی ڤاکسین لەلایەن مامۆستایانەوە سەرکەوتووبوو، ئەوا ھەڵمەتێکیش بۆ خوێندکاران دەست پێدەکەن".


عومەر ئەمین جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بە ھەماھەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی چوار بنکەیان بۆ پێدانی ڤاکسین بە مامۆستایان تەرخان کردووە، دووانیان بۆ پەروەردەی رۆژھەڵات و دوانی دیکە بۆ پەروەردەی رۆژئاوا.
لەبارەی ئەوەی پێدانی ڤاکسین بۆ مامۆستایان ناچاری بێت، جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی ئاماژەی بەوەدا، تا ئێستا بڕیارێکی لەو جۆرەنییە و ئارەزوومەندانەیە.
ئەوەشی خستەڕوو، بێجگە لە ڤاکسین بۆ مامۆستایان، وەکو وەزارەتی پەروەردە تەندەرێکی ئامادە کردووە رەزامەندی وەرگرتووە بۆ سەرجەم قوتابخانە و خوێندنگاکان دەمامک و ماددەی پاکژکردنەوە دابین بکرێت، ئەمەش ھۆکارێکی دووەمە لەگەڵ لێدانی ڤاکسین بۆ مامۆستایان لەگەڵ پێداویستیەکانی خۆپارێزی.
دەشڵێت، "ئەگەر ئێمە بمانەوێت بەڕاستی خوێندن نەوەستێت و نەبێتەوە بە ئۆنلاین پێویستە بەرنامەیەکمان ھەبێت بۆ خۆپارێزی، لەئێستادا ئەم دوو بەرنامەیەمان راگەیاندووە و ھەڵمەتێکی باش دەکەین".
لەبارەی پێدانی ڤاکسین بە خویندکاران، عومەر ئەمین جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی ئاشکرای کرد، " ھەڵمەتەکەی ئێمە تەنھا بۆ مامۆستایانە، ئەگەر لە ھەڵمەتی ڤاکسین بۆ مامۆستایان سەرکەوتوو بووین و کۆتایی ھات، ئەوکاتە وەزارەتی پەروەردە بیر لەوە بکاتەوە ھەڵمەتێکیش بۆ خوێندکاران بکات".
لە درێژەی گفتوگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا، عومەر ئەمین داوا لە باوکان و دایکانی خوێندکاران دەکات خۆیان منداڵەکانیان ببەن بۆ کوتان بە ئامانجی رێگری کردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتای کۆرۆنا. دەشڵێت، ئەگەر باوک و دایکی خوێندکار مامۆستاش نەبێت و لە دامەزراوەیەکی دیکە فەرمانبەرێت و بەرکەوتنی زۆری لەگەڵ خەڵک ھەبێت، ئەگەری توشبوونی بە کۆرۆنا زیاترە، ھەربۆیە پێویستە ئەوانیش خۆیان بکوتن.
وتیشی، ملیۆنێک و ٨٠٠ ھەزار خوێندکار لەسنوری وەزارەتی پەروەردە ھەیە بەنزیکەیی ١/٣ی ژمارەی دانیشتوانی ھەرێمی کوردستانە، ئەم ژمارەیە ئاسان نییە ئێمە بتوانیین ئەم ھەڵمەتە بەتەنھا بکەین و دەکەوێتە سەرشانی دایک و باوک، پێویستە لای خۆیانەوە ھاوکاری وەزارەتی پەروەردە بن".
لەبارەی ئەگەری راگرتنی خوێندنی ئەمساڵەوە، جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی باسی لەوەشکرد، پێشبینی دەکات ئەمساڵ دۆخەکە زۆر باشتر بێت، بەڵام چەند ئەوان دەبێت خۆ پارێزیەکە توند بکەنەوە پێویستە دایک و باوکان وشیار بن.
ئاشکراشی کرد، ١٤" ی مانگ دەوام دەست پێدەکەینەوە ھەفتانە رێژەی توشبوون وەردەگرین لە قوتابخانە و خوێندنگاکان ئەگەر بزانیین رێژەکە بەرزدەبێتەوە کەواتە بەدەست ئێمە نییە و لیژنەی باڵای کۆرۆنا ھەیە، لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکان ھەیە، ئێمە ھەفتانە بەدواداچوونی خۆمان دەکەین و ژمارەکان بە داتا دەدەینە وەزارەتی پەروەردە".
لەبارەی رێژەی وەرگرتنی ڤاکسین لەلایەن مامۆستایانەوە، ئەوەشی خستەڕوو، "تا ئێستا ئامارێکمان لەبەردەست نیە، خۆی نزیکەی ٢٠٠ ھەزار مامۆستا و فەرمانبەرمان ھەیە، نزیکەی ٥٠ ھەزارمان ھەیە لەسنوری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی، ناتوانیین ئێستا شتێک بڵێن راست دەرنەچێت، بەڵام گەشبینم کە دەبینم خەڵک تەلەفون دەکات و پرسیار دەکات بنکەکە لەکوێیە و بچین بۆ کوێ".
ئەمە لەکاتێکدایە، لە ماوەی رابردوو، بە ئامانجی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن لە ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی ئاسایی و لەناو پۆلدا، ھەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی حکومەتی ھەرێم رۆژانی سێشەممانیان لەھەر ھەفتەیەکدا تایبەتکرد بە وەرگرتنی ڤاکسین لەلایەن مامۆستایانەوە، بەڵام لە ئێستادا لە پارێزگاکانی ھەولێر و سلێمانی و دھۆک بنکەی تایبەت بە پێدانی ڤاکسین بە مامۆستایان بەشێوەی رۆژانە و بەردەوام کراونەتەوە.

کـ. ئـ












گەلەری