پاش ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە گەڕەکی عارەبانی هەولێر، کە گەڕەکێکی چۆڵکراوە ئاڵای داعش بینرا؛ دڵەڕاوکێی لای بەشێکی دانیشتووان دروستکرد، بۆ ئەو مەبەستەش ئێن ئار تی بادواداچوونی کرد و دەرکەوت، هەڵواسینی ئەو ئاڵایانە بۆ دەرهێنانی فیلمێکی سینەماییە.
ئاڵاکان لە گەڕەکی عارەبانی هەولێر هەڵواسراوە و وێنەی ئاڵای داعش لەسەر بەشێکی دیوارەکان دروستکراوە، گەڕەکەکە یەکێکە لە گەڕەکە چۆڵکراوەکانی هەولێر و بە ئەستەم هاوڵاتیان پێیدا تێدەپەڕن.
پاش
بەدواداچوونی رزگار کۆچەری پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، دەرکەوت ئەو بازاڕە کە ئاڵاکانی
لێهەڵواسراوە دروستکراوە و بە مەبەستی فیلمێکی سینەمایی ئەو ناوچەیە هەڵبژێردراوە. ئەوەشی خستەڕوو، کە گەڕەکەکە هاوشێوەیی تێدایە لەگەڵ گەڕەکی مەیدانی موسڵ و ئەو شوێنە لە سەردەمی دەستبەسەرداگرتنی موسڵ لەلایەن داعشەوە شوێنی سەرەکی چەکدارانی گروپەکە بوو.
رزگار باسی
لەوەکرد، ستافی دەرهێنانی فیلمەکە عەرەبن و بەشێکی زۆری ئەکتەرەکانی ئێزیدین،
دەیانەوێت وانیشانی بدەن کە ئەوە موسڵە و سەردەمی دەستەسەرداگرتنی موسڵە لەلایەن
داعشەوە.
وەک رزگار دەڵێت،
بەهۆی نەگونجاوی بارودۆخەوە ئەکتەرەکان و ستافەکە ناتوانن لە موسڵدا فیلمەکە
بەرهەمبهێنن و بۆ ئەو مەبەستەش هەولێریان هەڵبژاردووە.
گروپی چەکداری
داعش، لە کۆتاییەکانی ٢٠١٣دا سەریهەڵدا و لە ساڵی ٢٠١٤شدا، توانی بەشێکی زۆر لە
خاکی هەردوو وڵاتی عێراق و سوریا داگیربکات، لە ساڵی ٢٠١٧شدا، حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی
ئەو کاتی عێراق کۆتاییهاتنی ئەو گروپەی لە خاکی عێراقدا راگەیاند.
هـ.ئـ