سەردێڕ:

لە رووداوێکی هاتوچۆدا کەسێک گیانیلەدەستدا

AM:09:53:08/09/2021

9484 جار خوێندراوەتەوە

بەڕیوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، لە ئەنجامی پێکدادانی ئۆتۆمبێلێک و ماتۆڕ سکیلێکدا لەسەر رێگای رانیە- سلێمانی لە نزیک هیزۆپ، شۆفێری ماتۆڕسکیلەکە گیانیلەدەستدا.


بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین لە راگەیەنراوێکیدا بڵاویکردەوە، لەسەر رێگای رانیە - سلێمانی لە نزیک هیزۆپ پێکدادان لە نێوان ئۆتۆمبێلێک و ماتۆڕسکیلێک روویدا و بەو هۆیەوە شۆفێری ماتۆڕسکیلەکە بە سەختی بریندار بوو.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، شۆفێری ماتۆڕسکیلەکە هیچ ناسنامەیەکی پێ نەبووە و نەناسراو بووە، بەهۆی سەختی برینەکەشی لە رانیەوە بۆ سلێمانی بەرێکرا، دوای ئەوەی گیانیلەدەستدا کەسوکاری پەیدا بوون و لە نەخۆشخانەی گشتی سلێمانی تەرمەکەیان رادەست کرایەوە.

بە گوێرەی راگەیەنراوەکەی پۆلیسی راپەڕین، شۆفێری ماتۆڕسکیلەکەکە ناوی ( ب . ن . م )بووە و تەمەنی ١٥ ساڵ بووە و دانیشتووی شاری هەولێربووە.

راگەیەنراوەکە ئاماژەی بەوەشداوە، بەوتەی باوکی، کوڕەکەی لە هەولێرەوە بەمەبەستی دۆزێنەوەی کارێک چۆتە کۆیە، پاش ئەوەی لەوێ بەڕێکەوتووە بۆ سنوری ئیدارەی راپەڕین، لەسەر رێگای سەرەکی هیزۆپ توشی رووداوی هاتوچۆ بووە و بەو هۆیەشەوه گیانی لەدەستداوە.

راگەیەنراوەکە باسی لەوەشکردووە، بەهۆی ئەوەی شۆفێری ماتۆڕسکیلەکە هیچ ناسنامەیەکی پی نەبووە، لە دوو راگەیەنراوی جیاوازدا لەکاتی بریندار بوونی وە دوای مردنیشی داوای کردووە کەسوکاری ناوبراو سەردانی سلێمانی بکەن بۆ زانینی رووداوەکە هەم بە ئامانجی وەرگرتنەوەی تەرمەکەشی.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، لەدوای ئەنجامدانی توێکاری پزیشکی لە پزیشکی دادوەری سلێمانی، تەرمەکە رادەستی کەسوکاری کرایەوە و لێکۆڵینەوەش لەسەر رووداوەکە بەردەوامە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم لە ساڵی رابردوودا، لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و ٣٨٦ هەزار و ٢١٤ سەرپێچی تۆمارکراون و دوو هەزارو ٨٩٧ رووداویش روویانداوە، لەو ژمارەیەش ٤٣٢ کەس گیانیانلەدەستداوە.

كـ، ئـ













گەلەری