سەردێڕ:

تاکە ھاوڵاتی جولەکە ئەفغانستانی بەجێھێشت

AM:08:42:08/09/2021

8984 جار خوێندراوەتەوە

تاکە ھاوڵاتی ئەفغانستان کە پەیڕەوکاری ئاینی جوولەکە بوو، لە پشوی کۆتایی ھەفتە لەرێگەی کۆمپانیایەکی ئەمنی ئەمریکی و لەسەر خەرجی حاخامێکی ئەمریکییەوە وڵاتەکەی بەجێھێشت.


ماڵپەڕی تایمز ئۆف ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، زبۆڵۆن سیمانتۆڤی تەمەن ٦٢ ساڵ و تاکە ھاوڵاتی ئەفغانستان لە پەیڕەوکارانی ئاینی جولەکە، دوای کۆنتڕۆل کردنی ئەو وڵاتە لەلایەن بزوتنەوەی تاڵیبان و دروستبوونی ھەڕەشەکانی داعش و قاعیدە وڵاتەکەی بەجێھێشت.
بەگوێرەی راپۆرتی ماڵپەڕی تایمز ئۆف ئیسرائیل، ھاوسەرەکەی سیمانتۆڤ خەڵکی تاجکستانە و لە ساڵی ١٩٩٨ەوە لەگەڵ کچەکەیان لە ئیسرائیل دەژین، بەڵام زبۆڵۆن سیمانتۆڤ مانەوەی لە ئەفغانستان ھەڵبژارد بە ئامانجی بەڕێوەبردن و چاودێری کردنی کنێستەکەیان لە کابوڵی پایتەختی ئەو وڵاتە.
ئراپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشداوە، ماوەی دەساڵە زبۆڵۆن سیمانتۆڤ سەرقاڵی کارەکەی بووە و لەناو خەڵکدا کەسێکی ناسراو بووە، بەشێوەیەک رۆژنامەنوسان بەردەوام بۆ چاوپێکەوتن سەردانییان کردووە.
دەستەی پەخشی ئیسرائیلی لە راپۆرتێکی خۆیدا ئاشکرای کرد، لەگەڵ کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان، زبۆڵۆن سیمانتۆڤ لە پشوی کۆتایی ھەفتەدا وڵاتەکەی بەجێھێشتووە و بەرەو یەکێک لە وڵاتە دراوسێکانی ئەفغانستان رۆیشتووە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، کۆمپانیایەکی بواری ئەمنی ئەمریکی کە موئتی کھانا بازرگانێکی ئەمریکییە و خاوەندارێتی دەکات و لەسەر خەرجی موشیە مارگرێتن، کە حاخامێکی جولەکەی ئەمریکییە ئەفغانستانی بەجێھێشتووە.
موئتی کھانا لە تویتەری خۆی بڵاویکردەوە، "کۆمپانیاکەم کۆتا پەیڕەوکاری ئاینی جولەکەی لەگەڵ ٣٠ ژن و منداڵی دیکە لە ئەفغانستان دەربازکردووە، جولەکەکە پشوی جەژنی ئارامی لەگەڵ خێزانەکەیدا لە نیۆرک بەسەردەبەن".
پێشتر، زەبیحوڵا موجاھید وتەبێژی بزوتنەوەی تاڵیبان رایگەیاند، زبۆڵۆن سیمانتۆڤ لە وڵاتەکەیدا پارێزراودەبێت، بەڵام لەدوای روودانی تەقینەوەکان لەلان گروپی چەکداری داعشەوە بڕیاریدا ئەو وڵاتە جێبھێڵێت.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی ماڵپەڕی تایمز ئۆف ئیسرائیل، سیمانتۆڤ کێشەی لە تاڵیبان نەبووە، بەڵکو ئەو ترسی لە داعش و قاعیدە ھەبووە.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا دوای کۆنتڕۆلکردنی ئەفغانستان لەلایە چەکدارانی تاڵیبان و کۆتایی ھاتن بە دەسەڵاتی ئەشرەف غەنی، زبۆڵۆن سیمانتۆڤ، تاکە پەیڕەوکاری ئاینی جولەکە لەو وڵاتە بڕیاریدا وڵاتەکەی جێنەھێڵێت بە ئامانجی خزمەتکردنی کنێستەکەیان لە کبوڵی پایتەختی ئەو وڵاتە کە تاکە کنێست و پەرستگای پەیڕەوکارانی جولەکەیە لەو وڵاتە. 
کـ ، ئـ












گەلەری