سەردێڕ:

زانیاری لەسەر گۆڤەند هات

PM:08:12:07/09/2021

53104 جار خوێندراوەتەوە

کەیسەکەی گۆڤەند تا دێت وردەکاری زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت و تائێستا چەندین کەس بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی ڤیدۆیی سوکایەتی و پەشیمانبوونەوەی گەنجەکان لە هەرێم دەستگیرکراون.


بەپێی سۆراغێکی ئێن ئاڕ تی زۆربەی تۆمەتبارەکانی کەیسەکە لە هەرێمن و تا ئێستا حەوت کەسیش دەستگیرکراون کە هەستاون بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی گەنجەکان و هەڕەشەیان لێکردون بۆ وەرگرتنی پارە و تۆمارکردنی ڤیدیۆی تایبەتی.

بەپێی زانیارییەکان گۆڤەند تەنها کەسێک نییە بەڵکو لەژێر ئەم ناوەدا چەند کەسێک هاوشێوەی باندێک کاریان کردووە و تا ئێستا زیاتر لە ٢٠ کوڕ و کچی گەنج لە تۆڕی کۆمەڵایەتی کڵەب هاوس کەوتونەتە داویان.

باندەکە تا ئێستا جگە لە بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ هەزاران دۆلاریان لە کچان و ئافرەتان سەندووە، ئەو زانیارییانەش ناراستن کە گوایە تا ئێستا چەند کچێک بەهۆی ڤیدیۆکانەوە خۆیان کوشتبێت.

وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەکان بەبیانوی هەستیاریی دۆسیەکە و بەردەوامیی لێکۆڵینەوەکان، هیچ زانیارییەک ناخاتەڕوو، بەڵام بەپێی زانیاریییەکان تا ئێستا حەوت کەس وەکو تۆمەتبار لەسەر دۆسییەکە دەستگیرکراون و سەرەداوەکان دەڵێن، دوو کەس سەرپەرشتی کارەکانیان کردبێت کە یەکێکیان گومان دەکرێت لە دەرەوەی وڵات بێت و هەوڵەکانیش بۆ دەستگیرکردنیان بەردەوامە.

هەفتەیەکە بڵاوبوونەوەی گرتەی ڤیدیۆیی چەند کچ و کوڕێکی گەنج تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی هەژاندووە کە تییادا جگە لە سوکایەتیکردن بە خۆیان پەشیمانیش دەردەبڕن، دواتریش ئاشکرابوو کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان باندێک فریوی داون و گرتەی ڤیدۆیی گرتوون و هەڕەشەی وەرگرتنی پارەی لیکردون و ڤیدۆکانیشی بڵاوکردونەتەوە.













گەلەری